بەرپرسێکی بارسا: ئەوەی فلیک کردی ئاماژەیە بۆ خواردنێکی کەتەلۆنی
رووداو دیجیتاڵ
رافا یوسیتی، جێگری سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا قسەی لەسەر ئەو جووڵەیە کرد کە هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە، لەکاتی گۆڵی دووەمی تیپەکەی لە یاریی بەرامبەر جیرۆنا ئەنجامیدا.
بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆیدا بەزەحمەت 2 - 1 گۆڵ لە جیرۆنای بردەوە و لە دوا خولەکی یارییەکەدا، ئاراوخۆ گۆڵی سەرکەوتنی بارسای تۆمارکرد.
فلیک لە کاتی ئاهەنگگێڕانەکەیدا مشتومڕی دروستکرد، پاشئەوەی بەهەردوو دەستی ئاماژەی کرد و ئاماژەکەی بەسووکایەتی و نەشیاو لێکدرایەوە.
یوسیتی لە وەڵامی ئەو گومانانەی لە هەڵسوکەوتی راهێنەری تیپەکەی کران دەڵێ، "ئەو مەبەستی پۆتیڤارا بووە کە ژەمە خواردنێکی کەتەلۆنیی کولتوورییە، ئەمەش مانای ئەوەیە فلیک ئێستا ئیدی تێکەڵ بەکولتووری نێوخۆیی بارسێلۆنا بووە".
فلیک کارتی زەرد و دواتر سووری لەماوەی چەند خولەکێکدا وەرگرت، پاشئەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکانی خیل مانزانۆی ناوبژیوان دەربڕی، دواتر لە گلەییکردن لە بڕیارەکان بەردەوامبوو و ئەوەش وایکرد ناوبژیوان کارەکەی فلیک بەنەشیاو دابنێت.
دوای یارییەکە، راهێنەری بارسێلۆنا گوتی، تۆپی پێ سۆزاوییە، شێوازی ئاهەنگگێڕانم لە دژی هیچ کەسێک نەبوو. کەمێ شڵەژابووم هەروەها دڵخۆشبووم، نەمویست سووکایەتی بەکەس بکەم، بڕیارەکەی ناوبژیوانیشم قبووڵە، ئەگەرچی من هیچ قسەیەکم بەو نەگوتووە.
فلیک دووپاتیدەکاتەوە کە لە دژی هیچ کەسێک ئاهەنگی نەگێڕاوە، دەڵێ من تەنیا ئاهەنگم بۆ بردنەوە قورسەکەمان دەگێڕا، نەک دژی هیچ لایەنێک، ئەمە بەشێکە لە سرووشتی تۆپی پێ بەتایبەت لەساتەکانی بردنەوەی یارییدا.
بەبردنەوە لە جیرۆنا، بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 22 خاڵ و بەشێوەیەکی کاتیی پێشەنگی ریزبەندی لالیگای گرت.