سینەمای مۆندیال و ماندووبوونێکی پڕ چێژ

 
رووداو دیجیتاڵ

مۆندیالی 2022ـی قەتەر کۆتاییهات، ئەم مۆندیالە بۆ من جیاواز و سەرنجڕاکێش بوو، پڕ لە ماندووبوون بوو، بەڵام ماندووبوونێکی چێژبەخش کە ئەمڕۆ رۆژێک دوای کۆتاییهاتنی مۆندیال هەموویم بیرچووەوە.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی مۆندیال بۆ ئامادەبوون لە دوو یاریی مۆندیالدا چوومە قەتەر و لە نزیکەوە کیلیان ئێمباپێ، ئانتوان گریزمان، مانوێل نویەر، تۆماس مولەر و چەندین یاریزانی دیکەم بینی کە یەکەمجار بوو لە یارییەکانی مۆندیالدا ئامادەبم و لە نزیکەوە چاوم بە یاریزانەکان بکەوێت.
 
ئەوەی لە قەتەر بینیم زۆر جیاوازبوو و بڕواپێنەکراو بوو، لە رێکخستنی پێشوازیکردن لە میوان و هاندەران، تاوەکو بەڕێوەبردنی یارییەکان هەمووی لە جێگەی خۆی بوو و باشترین و سەرکەوتووترین ئامادەکاری بوو، راستە ئەرجەنتین بووە پاڵەوانی مۆندیال، بەڵام قەتەریش براوە و سەرکەوتوو بوو لە بەڕێوەبردنی گەورەترین کەرنەڤاڵی تۆپی پێی جیهان.
 
بەدرێژایی مۆندیال لە رووداو رووماڵێکی جیاواز و پڕ زانیاریمان لە قەتەر، ئەرجەنتین، فەرەنسا و چەندین وڵاتی دیکە هەبوو، بەڵام بۆ من گرنگترین شت بەرنامەی سینەمای مۆندیال بوو، کە شەوانە لە سینەمای مۆندیالدا دەیان هاندەری هەڵبژاردە جیاوازەکان لە رووداو میوان کران و بینەری یاریی هەڵبژاردە دڵخوازەکانیان بوون.
 
سینەمای مۆندیال کۆکەرەوەی گەنجانی کوردستان بوو لە شارە جیاوازەکاندا، ئەوەی منی زیاتر دڵخۆشکرد هاتنی ئەو هەموو خەڵکە بوو کە ژمارەیان زیاتر لە 4500 کەس بوو، هەموو ئەوانەی لە بەرنامەکەدا قسەیان دەکرد پێیانوابوو هەستدەکەن لەنێو یاریگەدان و ئەزموونی سەیرکردنی یاریی لە سینەمادا بە بیرۆکەیەکی جیاواز و سەرنجڕاکێش دەزانن، کە هەڵەبەتە رووداو یەکەم میدیایە لە سینەماوە مۆندیال بۆ هاندەران پەخشبکات و بەرنامەیەکی لەو شێوەیە بکات.
 
کچانی و کوڕانی کوردستان لە سینەمای مۆندیالدا خۆیان بینیوە و بینەری یارییەکان بوو، 2400 کەس پێشبینیان بۆ یارییەکان نووسی و سێ کەسیان لە رووداو خەڵاتکران.
 
من سێ مۆندیالە لەگەڵ رووداوم، ئەم مۆندیالە بۆ من لە دوو مۆندیالەکەی دیکە جیاوازتر بوو، زیاتر ماندووبووم، بەڵام ماندووبوونێکی چێژ بەخش و دڵخۆشکەر، کاتێک بینەری رووداو و سینەمای مۆندیال بەو شێوەیە زۆر بوو و بەرنامەکە زۆرترین کاردانەوەی هەبوو، بۆیە لە کۆتاییدا دەبێت بڵێم سوپاس رووداو، کە من و ئەم هەموو هاندەرە دڵگەرمەی کوردستانت بە یەکەوە کۆکردەوە.