ڤیدیۆ؛ وەرزشڤانێکی کورد دەبێتە یەکەمی ئەورووپا
رووداو دیجیتاڵ
فەرشاد گردکانە، وەرزشڤانی کوردی خەڵکی کرماشان، لە کێشی 94 کیلۆگرام لە وەرزشی "جوجیت سۆ"، لە ئاستی ئەورووپادا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و خەڵاتەکەی پێشکەشی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کرد.
ئەو پێشتر دووجاری دیکەش لەم کێبڕکێیانەدا بەشداریی کردووە، بەڵام سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە، بەڵام ئەمجارە راستەوخۆ مەدالیای زێڕی بردەوە و ئەمەش بووەتە هۆی سەرسوڕمانی راهێنەرەکانیشی.
کێبڕکێی ساڵانەی جوجیت سۆ، کە جۆرێک وەرزشی بەرگری لەخۆکردنە، لە شاری لیسبۆنی، پایتەختی وڵاتی پۆرتوگال بەڕێوەچوو، لەو یارییانەدا لە سەرتاسەری جیهانەوە وەزشڤانان بەشداریی تێدا دەکەن و ساڵێ جارێک بەڕێوەدەچێت.
فەرشاد گردکانە دوای سەرکەوتنی لە کێبڕکێیەکان، گوتی "بوومە پاڵەوانی هەموو ئەورووپا و ئەمەش تۆمارکردنی مێژوو بۆ کوردستانە و ئەم میدالیایە لەلایەن خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش بە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەکەم".
ئەو لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەشیدا کە لەسەر سەکۆی یەکەم راوەستابوو، ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە.
فەرشاد گردکانە، خەڵکی شاری کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشان و پێنج ساڵە لە وڵاتی بەلجیکا دەژیت. ئەو لە شاری کەنگاوەریش وەرزشی زۆرانبازی کردووە.
ئەم یارییانە بە پاڵەوانەتییەکانی IBJJF ناسراوە و گەورەترین کێبڕکێ لە بواری یاریی جوجیت سۆ دایە.
ئەو پێشتریش زیاتر لە 10 جار لە ئاستی جیهانی، ئەورووپا و بەلجیکا بووەتە قارەمان، هەموو جارێکیش لە کاتی وەرگرتنی خەڵات ئاڵای کوردستانی بەرزکردووەتەوە و خەڵاتەکەی پێشکەش بە کورد و کوردستان و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کردووە.