ئەستێرەکانی کورد پاڵپشتیی رۆژاڤای کوردستان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەکانی کورد لە یارییە جیاوازەکاندا پاڵپشتیی رۆژاڤای کوردستان دەکەن بۆ ئەو دۆخە ئاڵۆزەی پێیدا تێدەپەڕن و جیهاد ئاکیپا نووسیوویەتی "ناکرێت منداڵ بەهۆی رەچەڵەکییەوە لەنێو شەڕدا گەورە بێت."
هەریەکە لە عەگید کابایێل، بۆکسێنەری نێوداری کورد و جیهان لە ئینستاگرامی خۆی، شێرکۆ کەریم، ئوسامە رەشید و ئاسۆ رۆستەم، یاریزانانی یانەی زاخۆ، هاڕوون ئەحمەد، ئەستێرەی کوردی یانەی دهۆک پاڵپشتیی خۆیان بۆ رۆژاڤای کوردستان دووپاتکردووەتەوە و داوای ئاشتی دەکەن."
کلاودیۆ ئۆلیڤێرا مارادۆنا، ئەستێرە بەرازیلییەکەی یانەی نەورۆز لە ستۆریی ئینستاگرامەکەی نووسیوویەتی "بە کوشتن و تووندوتیژی ناگەین بە هیچ، کورد ئاشتیی دەوێت."
جیهاد ئاکیپا، ئەستێرەی کورد لە یاریی بۆکسینگ لە پەیامێکدا نووسیوویەتی "وەک کوردێک دەدوێم، بەڵام پێش هەر شتێک وەک مرۆڤێک بە یەک دەنگ قسە دەکەم. لە رۆژئاوا و ناوچە کوردییەکانی دیکە، کورد چەندین دەیەیە و بەتایبەتیش ئێستا، رووبەڕووی تووندوتیژی، دەربەدەری و ترس دەبنەوە."
ئەو ئەستێرەیە کوردە زیاتر نووسیوویەتی "خێزانەکان لەیەک هەڵدەوەشێندرێن، ناسنامەکان دەچەوسێنرێنەوە و مێژوو بێدەنگ دەکرێت. ئەمە سیاسەت نییە! ئەمە راستییە! نابێت هیچ مرۆڤێک بەهۆی زمان، رەچەڵەک یان کولتوورەکەیەوە راوەدوو بنرێت. نابێت هیچ منداڵێک بەهۆی رەچەڵەکییەوە لە نێو جەنگدا گەورە بێت!"
ئاکیپا لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "من لەگەڵ شکۆمەندیم. لەگەڵ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنییم. لەگەڵ مافی ژیان لە ئاشتیدام. هەر کەسێک ئەم بابەتە بە کەم بزانێت یان دژی بێت، دەتوانێت هەر ئێستا "ئەنفۆڵۆم" بکات.
ئەم پاڵپشتییەی ئەستێرەکانی یارییە جیاوازەکان لە رۆژاڤای کوردستان لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە لە شارە جیاوازەکان هاونیشتمانیان رووبەڕووی کێشە و ئاڵۆزیی زۆر بوونەتەوە و لە هەردوو شاری حەسەکە و کۆبانێ خەڵکێکی زۆر ناوچەکانیان لە ترسی شەڕ بەجێهێشتووە.