نوێترین لێدوانی کڵۆپ لەبارەی ریال مەدرید.. لەوانەیە لە بڕیارەکەم پاشگەزببمەوە


رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئەڵمانی، نوێترین لێدوانی لەبارەی ئەگەری مەشقدانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە داوە و دەڵێ، لەوانەیە لە بڕیارەکەم پاشگەزببمەوە.
 
کڵۆپ جارێکی دیکە دووپاتیکردووەتەوە لە کارەکەی ئێستادا، کە بەڕێوەبەری تۆپی پێی 'رید بوڵ'ە، دڵخۆشە.
 
ریال مەدرید لە دوای لەدەستدانی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، چابی ئەلۆنسۆی لە مەشقدانی یانەکە دوورخستەوە. ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە کاستیاوە سەرخرا بۆ مەشقدانی تیپی یەکەمی یانەکە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، ناوی کڵۆپ وەک بەربژێری سەرەکیی مەشقدانی ریال مەدرید لە میدیاکاندا ئاماژەی پێدەکرێت. بەڵام ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە لە نوێترین لێدواندا کە رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە دەڵێ، "وەک کەس، بەتەواوی دڵخۆشم لەوکارەی ئێستا هەمە، نامەوێت لە شوێنێکی دیکە بم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، ئەو بەبایەخ پێدانی راستەقینەی یانەی ریال مەدرید ناڕەحەت نییە، بەڵام روونیکردووەتەوە، ئەوەی روودەدات تەنیا "قسەی میدیاکان"ە.
 
وێڕای دووپاتکردنەوەی نەبوونی ویست بۆ گەڕانەوە بۆ سەر کورسیی یەدەگ، کڵۆپ دەرگای گەڕانەوەی بەکراوەیی هێشتووەتەوە و دەڵێ، "ئایا دەمەوێت جارێکی دیکە ببمەوە راهێنەر؟ لەم کاتەدا دەمەوێت تەنیا بڵێم کە نابێ هەرگیز بڵێم، ئیدی جارێکی دیکە ناگەڕێمەوە بۆ مەشقدان".
 
هەروەها دەڵێ، "پێشبینی ناکەم بۆچوونم بگۆڕم، بەڵام نازانم چی روودەدات".
 
وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، کڵۆپ گوتویەتی، بەبیستنی هەواڵی دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی ریال مەدرید ناڕەحەت بووە، ئەو دەڵێ، "کاتێک هەواڵەکەم بیست، هەستم بەدژبەیەکییەک کرد، سوپرایزبووم و سوپرایز نەبووم".
 
ئەو لەبارەی دەستنیشانکردنی ئەلڤارۆ ئەربێلواوە دەڵێ، "وتم چی؟ دواتر گوتم، بێگومان ئاساییە چونکە رووداوێکی هاوشێوەم بیرکەوتەوە کاتێک یۆب هاینێکس ساڵی 1998 لە مەشقدانی ریال مەدرید دووخرایەوە، ئەگەرچی نازناوی چامپیۆنزلیگی بردبووەوە".
 
کڵۆپ دەڵێ، ئەو شتانە لە ریال مەدرید روودەدات، هەرئەوەندەی ئەوان لە پێشەنگ نەبن.
 
راهێنەرەکەی پێشووی لیڤەرپوول زیاتر گوتویەتی، دەبێ لە یانە گەورەکان کەسانی بەرپرس بیرۆکەیەکی روونیان هەبێت لەبارەی ئەوەی کام راهێنەر دەخەنە شوێنی راهێنەرە دووخراوەکەیان، چونکە ئەوان دەبێ بیرۆکەی روونیان لەبارەی شوێنگرەوەکەوە هەبێت، ئەگەر تۆ بڵێی من راهێنەری داهاتووم گواردیۆلایە، ئەوکات پێتدەڵێم هەلی روودانی کارەکە زۆر کەمە.
 
لێدوانەکانی کڵۆپ لە کاتێکدایە، یانەی ریال مەدرید تاوەکو ئێستا ئاشکراینەکردووە ئەربێلوا تاوەکو کەی لە مەشقدانی یانەکە بەردەوام دەبێت.