ئەربێلوا بەبڕیارێک سێ ئەستێرە لە ریال مەدرید دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری نوێی ریال مەدرید بە بڕیارێکی تووند، بوومەلەرزەیەک لە یانەی شاهانە دروست دەکات و سێ ئەستێرەی لە تیپەکەی دەردەکات.
سەردەمێکی نوێ لە سانتیاگۆ برنابیۆ دەستیپێکرد، بەڵام ئەمجارەیان بە ئاگر و ئاسن! ئالڤارۆ ئەربێلوا، کە وەک جێگرەوەی چابی ئەلۆنسۆ ئەرکی راهێنەرایەتی گرتەدەست، تەنیا چەند رۆژێکی بەس بوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە لای ئەو 'ناو و مێژوو' یاری ناکەن، بەڵکو تەنیا 'ئاست و ماندووبوون' مەرجی مانەوەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناو جەرگەی یانە شاهانەیەکەوە دزەیان کردووە، ئەربێلوا لە یەکەم هەنگاویدا پەیامێکی تووندی بۆ هەموو یاریزانەکان ناردووە "هەر کەسێک لە ئاستی درێسی ریال مەدرید نەبێت، جێگەی لە پلانەکانی ئەودا نابێتەوە".
شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم دواییە، بەتایبەت لەدەستدانی سوپەری ئیسپانیا و ماڵئاواییکردن لە جامی شای ئیسپانیا، وایکردووە ئەربێلوا پەلە بکات لە پاکتاوکردنی پێکهاتەکەی. ئەو نایەوێت کات بکوژێت، سێ ناوی گەورە و دیاریش بوونەتە قوربانی یەکەم وەشانی ئەم راهێنەرە.
ئەو سێ یاریزانەی چیدی خەونی پۆشینی درێسی سپی نابینن بریتین لە:
1 - دانی سیبایۆس: ئەربێلوا پێیوایە سیبایۆس یاریزانێکی جێگیر نییە و ناتوانێت لە کاتە هەستیارەکاندا بارودۆخی یارییەکە بگۆڕێت، بۆیە چیدی وەک بژاردە نایبینێت.
2 - فێرلان مێندی: دیوارە فەرەنسییەکە درزی تێکەوتووە! پێکانە بەردەوامەکان و دابەزینی ئاستی هێندە بێزاریان کردووە، کە راهێنەر بڕیاری داوە چیدی پشتی پێ نەبەستێت.
3 - دەیڤید ئالابا: ئەستێرە نەمساوییەکە کە رۆژانێک سەرکردەی هێڵی بەرگری بوو، ئێستا بەهۆی تێکچوونی باری جەستەیی و ئەو پێکانە درێژخایەنانەی هەیبوون، متمانەی ئەربێلوای لەدەستداوە.
بڕیارەکە لای راهێنەر و کارگێڕیی یانەکە کۆتاییهاتووە؛ ئەم سێ یاریزانە دەخرێنە لیستی فرۆشتنەوە. مەبەست لێی تەنیا رزگاربوون نییە لە مووچە بەرزەکانیان، بەڵکو کردنەوەی رێگەیە بۆ خوێنێکی نوێ و دەموچاوێکی نوێ کە تینووی نازناو بن.
ئەربێلوا بەم هەنگاوە بوومەلەرزەیەکی لەنێو ژووری جلگۆڕین دروستکردووە. پەیامەکە روونە؛ هیچ کەسێک پارێزراو نییە، مەدرید پێویستی بە جەنگاوەرە نەک ناو.