ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. ئینتەر و ئارسیناڵ یاریی لووتکە ئەنجام دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمە دوایین مەشقەکانی ئینتەرمیلانە، بۆ یارییەکی لووتکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە گەڕی حەوتەم، نیرازۆری لە یاریگەی جۆسێپی میازا لە شەوێکی تایبەتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا میوانداریی ئەو یانەیە دەکات، کە تاوەکو ئێستا بە هەموو پێوەرەکان ئامادەترین و باشترین تیپە، میوانەکەی ئیتاڵیا ئەمشەو ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندە.
کریستیان کیڤۆ و ئینتەرمیلان لە دوای دۆڕانی گەڕی رابردوو بەرامبەر لیڤەرپوول، لە خولی ئیتاڵیا 7 یاریی بەبێ دۆڕان بەڕێکردووە و لە خولی ناوخۆدا پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، دەیەوێت ببێتە ئەو یانەیەی لەم وەرزەدا لە ئارسیناڵ دەباتەوە، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
وەرزی رابردوو یانە ئیتاڵییەکە لە یاریگەی خۆی بەرامبەر ئارسیناڵ یارییکرد و لە یاریگەی خۆی یارییەکەی بردەوە، ئەمشەویش دەیەوێت ئەو یانەیە بێت کە ئارسیناڵ تووشی یەکەم دۆڕانی ئەم وەرزە دەکات لە چامپیۆنزلیگدا.
ئەمانەش یاریزانانی ئارسیناڵن، بۆ دوایین مەشق و وەرگرتنی دوایین رێنوێنی لە میکێل ئارتێتا دێنە نێو یاریگە، بەر لەوەی بۆ یارییەکەی ئەمشەو بچنە میلانۆ.
گانەرز خاوەنی تیپێکی بەهێز و سەرنجڕاکێشە، هەموو یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بردووەتەوە، هەر زوو گەیشتنی بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ مسۆگەرکردووە، بۆیە ئەوەی ئەوان یاریی بۆ دەکەن، تەنیا بەهێزکردنی شوێنی خۆیانە لە پێشەنگی ریزبەند و مانەوەیە بەبێ دۆڕان.
یانە لەندەنییەکە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە لە 6 گەڕدا تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە و 5 کلین شیتی هەیە، ئەمشەویش گابریێل ماگالایش و تۆپچییەکان دەیانەوێت بەرامبەر لاوتارۆ مارتینێز گۆڵی تیپەکەیان بە خاوێنی بهێڵنەوە.