داواکان بۆ رۆیشتنی ئارسین ڤینگەر گەرمتر دەبن


رووداو - هەولێر

داواکانی دەستبەرداربوونی ئارسین ڤینگەر، لە پۆستی بەڕێوەبەری هونەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی رۆژ لە دوای رۆژ زیاددەبن و هاندەرانی ئەو یانەیە دەڵێن ئێستا کاتی گۆڕانکارییە.

لە یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی ئێڤەرتۆن هەرچەند ئارسیناڵ دوای چوار یاری یەکەم سەرکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام هاندەرانی ئەو یانەیە بانەرێکیان بەرزکردبووە و لەسەری نوسیبوویان ئێستا کاتی گۆڕانکارییە و ئارسیناڵ یانەی ئارسین ڤینگەر نییە.



لە چەند هەفتەیەکی کەمدا ئەمە چەندەمین جارە هاندەرانی ئارسیناڵ داوای رۆیشتنی ئارسین ڤینگەر بکەن و چەند جارێکی دیکەش بەشێوەی جیاواز داوای دەستبەرداربوونی ئەو راهێنەرە لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیان کردووە.



ئارسیناڵ ئەم وەرزە ئاستێکی جێگیری لە پرێمەرلیگ نییە و لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاش بۆ شەشەم ساڵ لەسەریەک لە قۆناخی شازدەی پاڵەوانیەتییەکە دوورخرایەوە کاتێک لە هەردوو یاری چوون و هاتن لەسەر دەستی بارسێلۆنای ئیسپانی تووشی شکستهات.