کڤارادۆنا مێژوو دەنووسێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دەرکەوتنی ناوازە و درەوشانەوەی بێوێنەی خڤیشا کڤاراتسخیلیای یاریزانی یانەی ناپۆلی بەردەوامە و ئەو ئەستێرە جۆرجییە کە رۆڵی گەورەی هەیە لە نزیکبوونەوەی یانەی ناپۆلی لە نازناوی ئەمساڵی سێری ئا، لە نووسینەوەی مێژوو و شکاندنی ژمارەکان بەردەوامە.
 
کڤارا لەگەڵ ناپۆلیدا، لە پێشەنگی خولی ئیتاڵیایە و بەجیاوازیی 19 خاڵ لە نزیکترین رکابەرییەوە دوورە کە یانەی لازیۆیە. ناپۆلی دوای 27 هەفتەی خولی ئیتاڵیا، خاوەنی 71 خاڵە و لازیۆ کە بەبردنەوە لە رۆما هاتووەتە پلەی دووەمی ریزبەندییەکە، 52 خاڵی هەیە.
 
ناپۆلی لە دوا یاریی خۆیدا لە سێری ئا، سەرکەوتنی بەسەر تۆرینۆدا بەدەستهێنا بە 4 - 0 گۆڵ و کڤارا گۆڵی دووەمی یانەکەی لە لێدانێکی سزاوە تۆمارکرد. جیا لەوەش کڤارا گۆڵی چوارەمی ناپۆلی لە یارییەکەدا بۆ تانگی ندۆمبیلی هاوڕێی دروستکرد.
 
تۆڕی 'ئۆپتا' تایبەت بە داتاکان، دەڵێ ئەم دەرکەوتنە نایابەی کڤارا لە یارییەکەی تۆرینۆدا، ئەو یاریزانەی کردووەتە خاوەن ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ.
 
تۆڕەکە دەڵێ، لاوە جۆرجییەکە ئێستا خاوەنی 12 گۆڵ و 10 ئەسیستە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیادا.
 
بەپێی داتاکانی تۆڕە جیهانییەکە، کڤارا یەکەم یاریزانە لە یەکەم وەرزی دەرکەوتنیدا لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا، لە دوای دیێگۆ ریباسی بەرازیلییەوە، لە یەکەم وەرزی یاریکردنیدا دە گۆڵ تۆمار بکات و دە ئەسیستی هەبێت.
 
پێشتر لە وەرزی 2006 - 2007دا، ریباس کاتێک یاریی بۆ یانەی ڤێردەربرێمەنی ئەڵمانی کرد، لە یەکەم وەرزی دەرکەوتنیدا 13 گۆڵی تۆمارکرد و 13 ئەسیستی هەبوو.
 
بەهۆی دەرکەوتنە نایابەکەی کڤاراوە، ناپۆلی نزیکە لەوەی دوای وەرزی 1989 - 1990 بۆ یەکەمجار نازناوی خولی ئیتاڵیا بباتەوە. یانەکە هەروەها لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگە و لەو قۆناخەدا بەرامبەر میلانی ئیتاڵی یاریدەکات.
 
کڤارا ئێستا سەرنجڕاکێشترین یاریزانی لاوی خولی ئیتاڵیایە، میدیاکان باس لە ویستی یانە گەورەکانی ئەوروپا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە دەکەن. کڤارا خۆی پێشتر گوتوویەتی عاشقی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییە و هیواخوازە بۆ ئەو یانەیە یاری بکات، ئەوەشی راگەیاندووە کە نموونەی باڵای ئەو لە تۆپی پێدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و گۆتی، یاریزانانی پێشووی ریال مەدریدن.