دوایین زانیاری لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی لیڤاندۆڤسکی لە کلاسیکۆ


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا، وێڕای سەرکەوتنی گرنگ و ریمۆنتادای بەسەر سێلتاڤیگۆ لە گەڕی 32ی لالیگا، کە بەسەرکەوتنی یانە کەتەلۆنییەکە 4 - 3 کۆتایی هات، بەڵام گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، بەهۆی پێکرانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری یانەکە.
 
لیڤاندۆڤسکی لە خولەکی 77ی یارییەکەدا داوای دانیشاندنی کرد، پاشئەوەی هەستی بەئازارکرد لە رانی چەپیدا، بەرلەوەی بکەوێتە سەرزەوی و تیمی پزیشکیی یانەکە بچنە نێو یاریگەوە و بەناچاری یاریگە بەجێبهێڵێت.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە سەرنجە سەرەتاییەکان لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا ئاماژەی باش نادەن، لە کاتێکدا تیمی پزیشکیی یانەکە پێشبینیدەکات ئەو یاریزانە دووچاری پچڕانی ماسوولکەی دووسەرەی رانی بووبێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەرچی یەکلابوونەوەی لەسەداسەدی جۆری پێکانەکەی لیڤا پێویستی بەپشکنینی زیاترە، بەڵام هەمووان بەدۆخەکە رەشبینن.
 
وەک ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، ئەگەر پێکرانەکەی لیڤا، پچڕانی ماسوولکەی دووسەرەی رانی بێت، ئەو هێرشبەرە بەشداری لە کلاسیکۆی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ناکات کە بڕیارە شەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هەروەها لە یاریی چوونی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بێبەش دەبێت، کە رۆژی 30ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەمڕۆ پشکنینی زیاتر بۆ لیڤا دەکرێت و بڕیارە یانەکە لە بڵاوکراوەیەکدا جۆری پێکان و ماوەی دوورکەوتنەوەی هێرشبەرەکەی ئاشکرا بکات.
 
هەندێک سەرچاوە دەڵێن، لە خراپترین حاڵەتدا، ئەگەر هەیە لیڤا توانای بەشداری لە لە کلاسیکۆی لالیگاشدا نەبێت کە بڕیارە رۆژی 11ی مانگی داهاتوو لە یاریگەی مۆنتوجویک ئەنجام بدرێت.