پێرێز و ئەنچێلۆتی کۆدەبنەوە و دوا بڕیار دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەکەدا بکات و بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەموو شتێکەوە بدرێت.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، پێشبینیدەکرێت، کۆبوونەوەکە لە ماوەی نزیکی داهاتوو ئەنجام بدرێت، لەوانەیە دوای یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بێت، لەبەرئەوەی سرووشتی وەرزەکە ئاوارتەیە و لە 13ی مانگی حەوتی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، هەربۆیە کارگێڕیی یانەکە بڕیاریداوە زووتر بڕیار لە چارەسەرکردنی کێشەکان بدات، جیاواز لە ساڵانی پێشوو.
سەرچاوەکان دەڵێن، "دوای یارییەکەی ئارسیناڵ، کە بەهۆیەوە ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا، چاوپێکەوتنێکی سەرپێی لەنێوان پێرێز و ئەنچێلۆتی هەبووە، دۆستانە و کورت بووە، هەردوولا بە چوونە دەرەوەکە نیگەران بوون، بەڵام کاتی گونجاو نەبووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری شکستەکە بکرێت".
هەروەها ئاشکرایانکردووە، "بڕیارە پێرێز و ئەنچێلۆتی لە دوای یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو جارێکی دیکە یەکدی ببیننەوە، پاشانیش هەفتەی داهاتوو، لە ڤاڵدێبێباس پێکەوە کۆدەبنەوە و قاوەیەک دەخۆنەوە، وەک خوویەکی هەمیشەیی نێوانیان".
سەرچاوەکان باسی دوورخستنەوەی ئەنچیلۆتی لە مەشقدانی یانەکە دەکەن، بەتایبەت پاشئەوەی لە چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە، لەو نێوەندەشدا مشتومڕ لەسەر دەستنیشانکردنی جێگرەوەی ئەنچێلۆتی لە ئارادایە و زۆرینەی بۆچوونەکان بەئاراستەی دەستنیشانکردنی یۆرگن کلۆپ، راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول و چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری بایرلیڤەرکوزنن.
هەندێک سەرچاوە دەڵێن، ئەگەرچی دۆخی ریال مەدرید ئارام نییە و هەست بەگێژاوی ئەنجامەکان دەکات، بەڵام وەرزەکانی رابردوو دووپاتیکردووەتەوە کە یانەکە دوای شەپۆلی پەلەپەلی میدیاکان ناکەوێت و بەئارامی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.
بەپێی هەندێک سەرچاوە، کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەکەی نێوان پێرێز و ئەنچێلۆتی ئەوکاتە دەکرێت کە سەرۆکی یانەکە بەرچاوی روون بێت لەوەی تیپەکەی لە لالیگا و جامی شا چیکردووە و بۆ ئەوەش پێدەچێ کۆبوونەوەکە بکەوێت سەرەتای مانگی داهاتوو.
لە دوای چوونە دەرەوەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، دەنگۆکان لەبارەی چارەنووسی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ریال مەدرید بووەتە مانشێتی میدیاکانی ئیسپانیا و زۆرینەی بۆچوونەکان هاوڕان لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە، لە مەشقدانی یانەکە.