ترس هەیە پاریس سانجێرمان، عەقڵی نێو یاریگەی لەدەست بدات
رووداو دیجیتاڵ
لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی لەنێو یانەکەیدا بڵاوکردەوە، پاشئەوەی گوتی دۆخی پێکانی ڤیتینیا، مایەی دڵخۆشی و گەشبینی نییە.
پاریس سانجێرمان لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی لیۆن بووەوە و یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک رۆڕاند. وێڕای شکستەکە سانجێرمان بەجیاوازیی خاڵێک لە پێش لانسی دووەمی ریزبەندی خولەکە مایەوە.
ڤیتینیا لە یارییەکە و لە خولەکی 39دا تووشی پێکانێکی قورس بوو لە پاژنەی راستی و بەهۆیەوە لە کۆتایی گێم یەکەمدا، یاریگەی بەجێهێشت، ئەگەرچی چەندجارێک هەوڵیدا لەنێو یاریگەدا بمێنێتەوە و درێژە بەیارییکردن بدات.
سانجێرمان خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئامادە دەکات، لە قۆناخی چواری چامپیۆنزلیگ و رۆژی 28ی ئەم مانگە لە یاریگەی خۆیدا یارییەکە ئەنجامدەدات.
ڤیتینا لە کاتی چوونە دەرەوەی لە یاریگە، بەشەلەشەل و ئازارەوە بینرا و دەستی بۆشوێنی پێکانەکەی برد، بەرلەوەی تیمی پزیشکیی یانە پاریسییەکە بیبەنە ژووری جلگۆڕین بۆ پشکنینی زیاتر.
لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی سانجێرمان دوای یارییەکە گوتی، "هەواڵی پۆزەتیڤ نییە، کاتێک ناچاردەبیت لە کۆتایی گێمی یەکەمدا یاریزانێک بگۆڕیت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە دۆخەکە باش نییە، دەبێ پشکنینی زیاتری بۆ بکەین".
ڤیتینیا بەیەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ناوەڕاستی سانجێرمان دادەنرێت، ئەو رۆڵی گەورەی هەبوو لە بەدەستهێنانی سیانەی مێژوویی وەرزی رابردووی یانەکە لە چامپیۆنزلیگ، جام و خولی فەرەنسا.
ڤیتینیا هەروەها بیر لە مۆندیالی داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکاتەوە، کە هاوینی ئەمساڵ ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن.
میدیای فەرەنسا دەڵێن، دوور نییە بەهۆی هەمان پێکانەوە، بەشداریکردنی ڤیتینیا لە مۆندیال گومانی کەوتبێتە سەر.