ریال مەدرید رێگری لە گواستنەوەی رۆدیگێر بۆ نەسڕی سعودی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم هەوڵەکانی یانەی نەسڕی سعودی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، بەرگریکاری یانە شاهانە، لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی گوشار لە کارگێڕیی نەسڕ دەکات بۆ پێشکەشکردنی دەستەوارەیەکی سەرنجڕاکێش بەمەبەستی گواستنەوەی رودیگێر لەریال مەدریدەوە.
 
گرێبەستی ئەم بەرگریکارە ئەڵمانییە بەئەزموونە لەگەڵ ریال مەدرید بەرەو کۆتایی دەچێت و لە هاوینی 2026 دەبێتە یاریزانێکی ئازاد، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
بەو پێیەی کەمتر لە 6 مانگ لە گرێبەستی ئێستای رودیگێر ماوە، ئەو ئازادە لەوەی بچێتە ناو دانوستاندن لەگەڵ هەر یانەیەک لە دەرەوەی ئیسپانیا.
 
بەڵام بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی ئەی ئێس لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی پێداوە، کارگێڕیی ریال مەدرید ئێستا بەجددی کاردەکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی رودیگێر، دوای ئەوەی دەستەوارەیەکی فەرمیان خستووەتە بەردەمی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی یەک وەرز.
 
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە کە ئەم دەستەوارەیە لە چوارچێوەی ئەو سیاسیەتەدایە کە یانە شاهانەکە بەرامبەر ئەو یاریزانانە پەیڕەوی دەکات کە تەمەنیان لە 32 ساڵ تێپەڕیوە، کە تێیدا نوێکردنەوەی ساڵانە بە باشتر دەزانن؛ ئەمەش هەمان ئەو شێوازەیە کە پێشتر لەگەڵ چەندین ناوی دیاری نێو تیپەکەدا جێبەجێ کراوە.
 
راپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە ئارەزووی رودیگێر بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک بووە کە بۆ ماوەی دوو وەرز بێت، بەڵام ئاماژەکانی ناو یانەکە گەشبینییەکی زۆر نیشان دەدەن بەوەی کە یاریزانەکە رازی بێت بە دەستەوارە ئێستاکە، کە تەنیا بۆ یەک وەرز دەبێت.
 
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2022 پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، بەرگریکارە ئەڵمانییەکە شوێنپەنجەیەکی دیاری جێهێشتووە و بەشداربووە لە بەدەستهێنانی چەندین نازناو، لەوانە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و خولی ئیسپانیا، وە لەم وەرزەشدا لە 21 یارییدا لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا بەشداری کردووە.