مانچێستەر سیتی لە دۆخێکی خراپدا رکابەری لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی یاریی مان و نەمان دەکات و جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
دوای چەند رۆژێکی کەم لە لەدەستدانی نازناوی جامی یەکێتی ئینگلتەرا، ئەمشەو لە پرێمەرلیگدا و لە گەڕی پێشکۆتایی خولەکەدا یانەی مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی بۆرنمۆوس یاریی دەکات، تیپەکەی پێپ گواردیۆلا لە باشترین کاتەکانیدا نییە و ئەم دوو گەڕەی لە خولەکەدا ماون پێویستە هەردوو یارییەکەی بباتەوە.
 
مان سیتی ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە بە جیاوازیی خاڵێک لە دواوەی یانەکانی نیوکاسڵ، چێڵسی و ئاستۆن ڤیلایە و لە رکابەرییەکی بەهێزدایە بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆی یانەکە بە جیاوازیی دوو خاڵ پێش ئەو یانانە دەکەوێت و هەلی سەرکەوتنی زیاتر دەبێت، بەڵام دۆڕان لە یارییەکەدا تیپەکە دەخاتە دۆخێکی خراپەوە.
 
بۆرنمۆوس هیچ شتێکی نەماوە رکابەریی لەسەربکات، تەنیا ئەوەیە دەیەوێت سوود لە دۆخی خراپی مان سیتی وەربگرێت بۆ ئەوەی سەرکەوتن لە یارییەکەدا بەدەستبهێنێت.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 لە یاریگەی ئیتیحاد بەڕێوەدەچێت، مان سیتی لە نیوەی یەکەمی ئەم وەرزەدا 1-2 بەرامبەر بۆرنمۆوس دۆڕابوو و دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە.