سەرۆکی بارسێلۆنا باسی گرێبەستی لامین و سێ ئەستێرەی یانەکەی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دووپاتیکردەوە قسەی لەگەڵ لامین یامال کردووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەڵام هێشتا هیچ شتێک فەرمی نییە. ئەو هەروەها باسی گرێبەستی دی یۆنگ، رافینیا و ئینیگۆ مارتینێزیشی کردووە.
 
پاش بەدەستهێنانی سیانەی نێوخۆیی (لالیگا، جامی شا و سوپەری ئیسپانیا)، یانەی بارسێلۆنا کار بۆ خۆڕێکخستنەوە و دابینکردنی داهاتووی خۆی لە رێگەی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکانی دەکات.
 
بارسێلۆنا، هەروەها سەرقاڵی پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی پێکهاتەکەیەتی لەسەر داوای هانزی فلیکی راهێنەر.
 
خوان لاپۆرتا، لەبارەی گرێبەستی لامین یامالەوە دەڵێ، "هەموو کارێک بەباشی دەڕوات".
 
سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە هەروەها دەڵێ، "قسەمان لەسەر هەموو وردەکارییەکان کردووە لەگەڵ لامین، بەڵام هێشتا گرێبەستی نوێمان واژۆ نەکردووە، ناتوانم بڵێم کارەکە تەواو بووە، چونکە تەواو نەبووە، کارەکان بەباشی بەڕێوەدەچن، ئەو یاریزانێکی ناوازەیە و وەک مرۆڤیش لە دەرچووانی لاماسیایە، هەمووان هەڵسوکەوتی ئەو دەبینن، دیکۆش کار لەسەر گرێبەستە نوێیەکە دەکات".
 
لاپۆرتا، هەروەها ئاشکرایکردووە، هیواخوازە گرێبەستی هەریەکە لە فرێنکی دی یۆنگ، رافینیا و ئینیگۆ مارتینێز نوێبکاتەوە.
 
ئەو دەڵێ، "هەندێک شوێنی تیپەکە بەهێزتر دەکەین"، بەڵام لەبارەی ئەو یاریزانانەوە بۆ هێڵە جیاوازەکانی یانەکەی دەیەوێت بیان هێنێت، دەڵێ، "دیکۆ کە بەڕێوەبەری وەرزشییە، کار لەسەر هەموو دۆسێیەکان دەکات، بەڕاوێژ لەگەڵ هانزی فلیک".
 
لاپۆرتا ئەوەشی پشتڕاستکردووەتەوە کە یانەکەی هیواخوازە کارەکانی نوێکردنەوە یاریگەی کامپ نۆ تەواو ببن، تاوەکو یاریی جامی خوان گالبەری دۆستانە، رۆژی 9 یان 10ی مانگی هەشتی ئەمساڵ لەسەر کامپ نۆ سپۆتیفای ئەنجام بدرێت.