زاخۆ چاوی لە هاتریکە

 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی بردنەوەی سێیەم یاریی لەسەریەک یانەی زاخۆ بەرامبەر یانەی قاسم یاری دەکات، کاتێک لە گەڕی 34ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئەمشەو لە درێژەی یارییەکانی ئەم گەڕەی خولەکەدا، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و لە نەجەف بەرامبەر یانەی قاسم یاری دەکات، یانەکە لە دۆخێکی باشدایە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لەو دوو یارییەدا یانەکە 7 گۆڵی تۆمارکرد و هیچ گۆڵێکی لێنەکرا.
 
زاخۆ لە نیوەی یەکەمی ئەم وەرزەی خولەکەدا، لە یاریگەی خۆیدا بە شەش گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە قاسمی بردبووەوە و ئەمە گەورەترین بردنەوەی یانەکەیە بەرامبەر ئەو یانەیە و ئەمشەو یانەکە دەیەوێت سەرکەوتنەکەی دووبارەبکاتەوە، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە لە کاتێکدا قاسم لە یاریگەی خۆیدا یاری دەکات، سەرەڕای ئەوەی دوو یاریی رابردووی دۆڕاندووە.
 
ئێستا زاخۆ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە و چاوی لە گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەیە و یانەی قاسم لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یارییەکە کاژێر 20:30 لە نەجەف بەڕێوەدەچێت، راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس بەکۆمێنتاریی عیسا مەجید و لە پەیجی رووداو عەرەبی بەکۆمێنتاریی لاوین هابیل دەگوازرێتەوە.