لێدوانی فەرمی لاپۆرتا لەبارەی ریال مەدرید و گواستنەوەی هالاندەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە دوای بردنەوەی سێ نازناو لەم وەرزەدا دەڵێت، نازانم فلۆرێنتینۆ پێرێز پیرۆزبایی بردنەوەی لالیگای لێکردووم یان نا و باسی مێسی و لامین یامالیش دەکات.
 
لاپۆرتا لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا دەرکەوت و سەرەتا گوتی "هەرگیز لە ئاهەنگگێڕان بێزار مەبە، بێزار مەبە لە بینینی خەڵکی دڵخۆش، هەرگیز ماندوو مەبە لە سەیرکردنی سەمای یاریزانان و بینینی راهێنەری دڵخۆش، ئێمە هەموو نازناوەکانی ئیسپانیامان بردەوە، سەرەڕای ئەوەی هەڵمەتێکی رێکخراومان لە دژ کرا و پێش دادگاییکردن دادگاییکراین، وەکو ئەوەی لە دۆسیەی نیگرێرادا روویدا."
 
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "نازانم فلۆرێنتینۆ پێرێز، پیرۆزبایی لێکردووم یان نا، زۆر نامەم بۆ هاتووە و وەڵامم نەداونەتەوە، ئەوە بۆ تێباسیش بەهەمان شێوە راستە، بەڵام ریال مەدرید هەمیشە لەم بابەتانەدا دۆستانە مامەڵە دەکەم."
 
خوان لاپۆرتا لەبارەی هانزی فلیک، راهێنەری یانەکەوە گوتی "سەرەتا کە گرێبەستەکەمان واژۆکرد، بەیەکەوە چووین بۆ نانخواردن، هەموو شتێکم بە زارەکی بۆی روونکردەوە، بەڵام پەیامێکی نووسراویشم پێیدا، ئێمە لە بارسێلۆنا زۆر حەزمان لە بردنەوەیە و شێوازی بردنەوەکە زۆر گرنگە، ئەمە ئەو رەگ و ریشەیەی کرۆیفیانەیە کە ئێمە خاوەنین."
 
خوان زیاتر لەبارەیەوە گوتی "شانازیی گرێبەستکردن لەگەڵ هانزی فلیک بۆ دیکۆ و بۆیان دەگەڕێتەوە، من تەنیا ئاراستەیان دەکەم، من بڕیاری گرێبەستکردنم لەگەڵ فلیک نەدەدا ئەگەر دیکۆ گوتبای نەخێر، بۆیە هەموو شانازییەکە بۆ دیکۆ و تیپەکەیە."
 
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە چوار کلاسیکۆیان لە ریال مەدرید بردووەتەوە گوتی "رکابەرییەکی نایابمان کرد، لە راستیدا پێنج بردنەوە بوو ئەگەر ئەوەی پێش دەستپێکردنی وەرز لە ئەمریکا هەژماربکەین، لەگەڵ ئەو چوار کلاسیکۆ فەرمییەی بردمانەوە، بەڵام هەموو ساڵێک لە سفرەوە دەستپێدەکەین، بۆیە هانزی و دیکۆ کاردەکەن بۆ پێشخستنی زیاتری تیپەکە بۆ ئەوەی رکابەرییەکی باشتر بکەین."
 
خوان لاپۆرتا قسەی لەسەر ئەوە کرد کە گوایە وەرزی داهاتوو لامین یامال دەبێتە ژمارە 10 و گوتی " ئەم بابەتە لە ناوخۆدا باسکرا و ئەو ژمارە 19ـی هەڵبژارد، ئەم تیپە و هەمووان بەشدارن لەوەی هەموو شتەکان بەباشی بکرێن، من سەرسامم بە لامین، ئەو زۆر بەشدارییەکی بە کۆمەڵی هەیە لە یارییکردندا و یاریزانێکی سەردەمیانە و دەزانێت چۆن بەرگری دەکات، زۆر سەرسامم بە لامین یامال، لەگەڵ مێسی هاندانمان گۆڕی بۆ مووچەی جێگیر و کاتێک هەموو شتێکمان بردەوە، پاڵنەرێکی بەهێزی بۆ ئەو دروستکرد، لامین لە دۆخێکدایە پێویستە وایلێبکەین هەست بە گرنگی بکات و لە بارسێلۆنا دەزانین چۆن ئەوە دەکەین و بارسێلۆنا باشترین یانەیە کە پێویستە ئەوی تێدابێت. ئەو کەتەلۆنییە، بارسێلۆنا هەست بە دڵسوزیی راستەقینەی ئەو دەکەین، ئەمەش هەمیشە لە مێشکیدا ئامادەیە، چونکە ئامۆژگاری باش وەردەگرێت و راوێژکاری باشی لە دەورووبەرە."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا باس لە گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان دەکات و دەڵێت "دەبێت بەها بەو شتانە بدەین کە هەمانە، وەکو ئەوەی دیکۆ گوتی، سەرەتا کار لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکان دەکەین، دوای ئەوە بیر لە ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ دەکەینەوە، بەڵام ئەگەری هەیە بۆ ئەوەی باشتر رکابەری بکەین، پێویستیمان بە بەهێزکردن بێت، دەزانم ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بژاردەکان دەکەن."
 
پرسیاری گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز لە لاپۆرتا کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی "هاوینی رابردوو نیکۆ ویلیامز یەکێک بوو لە بژاردەکانمان، بەڵام بۆ ئەم هاوینە پێموایە بژاردەی دیکەمان هەیە."
 
لەبارەی ئێرلینگ هالاند و دەنگۆی هەوڵەکانی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی، لاپۆرتا گوتی "هیچ شتێک لە ژیاندا مەحاڵ نییە، بەڵام ئێستا ئەو لە پلانەکانماندا نییە، پێموانییە پێویستیمان پێی بێت و بەمدواییە گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی نوێکردووەتەوە."