ئامەدسپۆر و راهێنەرەکەی جیابوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کورستان بەشێوەیەکی فەرمی جیابوونەوەی لە سێرڤێت چەتین، راهێنەری یانەکەی راگەیاند.
 
یانەی ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "ئێمە بە رەزامەندی هەردوولا لەگەڵ سێرڤێت چەتین، راهینەری یانەکەمان جیابووینەوە، سێرڤێت هەمیشە لە یادماندا دەمێنێتەوە، بەهۆی خۆبەخشی و سەرکردایەتیکردنی لە گەشەپێدانی یانەکەدا."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوی یانەکەدا هاتووە، سوپاسی بەشداری و هەوڵەکانی یانەکەمان دەکەین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە ژیانی داهاتوویدا.
 
سێرڤێت چەتین، تەمەنی 44 ساڵە، پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا و یانەکانی کارتالاسپۆر، گۆزتەپە، دەنیزلیسپۆر، فێنارباخچە، سیڤاسپۆر، گاڵاتەسەرای، ئێسکشەهیرسپۆر و مێرسین ئیدمان بووە و لە 2017ـەوە کاری راهێنەرایەتی دەکات.
 
سێرڤێت لەگەڵ یانەکانی تراپزۆنسپۆر، کۆنیاسپۆر و سیڤاسپۆر وەکو یاریدەدەری راهێنەر کاریکردووە و لە 2024 بووە راهێنەری یانەی ئامەدسپۆر.
 
جیابوونەوەی چەتین و ئامەدسپۆر لە دوای ئەوە دێت، کە لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیادا یانەی ئامەدسپۆر نەیتوانی بگاتە قۆناخی پلەی ئۆف و لە 38 یارییدا 14 بردنەوە، 15 یەکسانبوون و 9 دۆڕانی هەبوو و بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ، پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە بەدەستهێنا.