ئارسیناڵ دوای 22 ساڵ بووە پاڵەوان و لەندەن شەوێکی لەبیرنەکراوی بەڕێکرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای 22 ساڵ چاوەڕوانی، هێنانی دەیان راهێنەر و یاریزان، یانەی ئارسیناڵ کۆتایی بە چاوەڕوانی هاندەرانی هێنا و نازناوی خولی ئینگلتەرای بردەوە.
بە سوود وەرگرتن لە یەکسانبوونی، یانەی مانچێستەر سیتی بەرامبەر بۆرنمۆوس، یانەی ئارسیناڵ بەفەرمی بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ لە وەرزی 2025-2026 و دوای 22 ساڵ دوورکەوتنەوە لە بردنەوەی نازناوەکە جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر سەکۆی پاشایەتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا.
دوای یەکسانبوونی مانچێستەر سیتی کە رکابەری سەرەکی یانە لەندەنییەکە بوو، هەزاران هاندەر لە بەردەم یاریگای ئیماراتسی یانەی ئارسیناڵ کۆبوونەوە و تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاهەنگگیان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ گێڕا.
یاریزانانی ئارسیناڵ بەیەکەوە سەیری یارییەکەی بۆرنمۆوس و مانچێستەر سیتییان دەکرد، کاتێک فیکەی کۆتایی لێدرا، ئەنجامەکە بە دڵی ئەوان بوو و ئاهەنگێکی شێتانە لەنێو یاریزانانی گانەرزدا دەستیپێکرد و بووە شەوێکی لەبیرنەکراو لە مێژووی یانەکەدا.
ئارسیناڵ دوایینجار کە نازناوی پرێمەرلیگی بردبێتەوە ساڵی 2004 بوو، چەندین ساڵ بوو یانەکە رکابەریی دەکرد و نەیدەتوانی ببێتە پاڵەوان ئەمجارە بە ئاست و ئەنجام یانەکە توانای خۆی پێشاندا و نازناوەکەی بردەوە.
ئەمە چواردەیەم نازناوی یانە لەندەنییەکەیە لە مێژووی تۆپی پێی خولی ئینگلتەرادا و چوارەم نازناوی یانەکە لەو کاتەوەی پرێمەرلیگی لە وەرزی 1992-1993ـەوە دەستیپێکردووە.
میکێل ئارتێتا، 7 ساڵە راهێنەری یانەی ئارسیناڵە، ئەمە یەکەمجارە نازناوی پرێمەرلیگ دەباتەوە و چوارەم نازناوی ئەو راهێنەرە ئیسپانییەیە وەکو راهێنەر لەگەڵ یانەکە دەیباتەوە.
ئارتێتا دووەم راهێنەری ئیسپانییە لە دوای پێپ گواردیۆلا نازناوی پرێمەرلیگ دەباتەوە، سێیەم بچووکترین راهێنەری مێژووە لە تەمەنی 44 ساڵ و 54 رۆژیدا نازناوی پرێمەرلیگ دەباتەوە.
دوای ئەوەی ئارسیناڵ بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ، پێپ گواردیۆلا پیرۆزبایی لە میکێل ئارتێتا کرد و گوتی "ئەو کەسێکی نایابە، شایستەی بردنەوەی نازناوەکە بوو و پیرۆزبایی لێدەکەم".
بوکایۆ ساکا لە ئاهەنگگێڕان بۆ بردنەوەی نازناوەکە گوتی "22 ساڵە پێدەکەنن، گاڵتە دەکەن، بەڵام ئیدی پێناکەنن و جامەکە بە گەشاوەیی دەدرەوشێتەوە".
ئارسیناڵ یارییەکی لە پرێمەرلیگدا ماوە و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر کریستال پاڵاس یاریی دەکات، رۆژی 30ـی ئەم مانگەش چاوی لە بردنەوەی نازناوێکی گەورەتر دەبێت کاتێک لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی یاریی دەکات.