سەرەکیی نیت و کاپتنیش نیت.... مەرجەکانی ئەنچێلۆتی بۆ نەیمار


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی بەرازیل ئاشکرایانکردووە، کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، مەرجی تووند و قورسی بۆ نەیمار داسێلڤا داناوە، لەپێناو بانگهێشتکردنی بۆ لیستی هەڵبژاردەی وڵاتەکە لە مۆندیالی داهاتوو.
 
پاش چاوەڕوانییەکی زۆر، بەرەبەیانی دوێنێ، کارلۆ ئەنچێلۆتی لیستی 26 یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیلی بۆ مۆندیالی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا راگەیاند و ناوی نەیمار لە نێو لیستەکەدایە.
 
بانگهێشتکردنی نەیمار دڵخۆشییەکی زۆری لای بەرازیلییەکان و یاریزانەکەش دروستکرد، پاشئەوەی ئەو یاریزانە چەند مانگێکی لە دڵەڕاوکە و ترس بەسەربرد، لە دوای دەستبەکاربوونی ئەنچێلۆتییەوە لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە.
 
بانگهێشتکردنی نەیمار، هەندێک گلەییشی هێنایە سەر ئەنچێلۆتی، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە وەرزێکی نموونەیی لەگەڵ سانتۆس نەبوو و هەندێک یاریزانی دیکە لە لیستەکە دوورخرانەوە، لە نێویاندا جواو پێدرۆ کە یەکێک بوو لە باشترین گۆڵکەرانی وەرزی ئەمساڵی چێڵسی و پرێمەرلیگ.
 
ئەنچێلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی پاش راگەیاندنی لیستەکەدا گوتی، "ماوەی ساڵێک چاودێریی دۆخی نەیمارمان کرد و بینیمان بەشداریی لە یارییەکاندا دەکات و توانای جەستەیی باشبووە. ئەو یاریزانێکی گرنگی هەڵبژاردەکە دەبێت لە مۆندیالدا، هەمان پابەندی و ئەرکەکانی 25 یاریزانەکەی دیکەی هەڵبژاردەکەی دەکەوێتە سەر".
 
رۆژنامەی 'گڵۆبۆ'ی بەرازیلی دەڵێ، ئەنچێلۆتی پێش ئاشکراکردنی لیستەکە، چەند مەرجێکی بۆ نەیمار داناوە و پاش رازیبوونی ئەو یاریزانە، ئینجا ناوی خراوەتە نێو لیستەکەوە.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە گوتویەتی، ئەنچێلۆتی بەنەیماری گوتووە کە لە مۆندیالدا یاریزانی سەرەکیی نابێت و مەرج نییە هەموو یارییەک بەشداریی بکات.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەشیدا ئەنچێلۆتی ئاماژەی بەوەدا کە نەیمار مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ ناکرێت، روونیکردەوە کە هەلی سەرەکیی بوون بۆ هەمووان بەردەست دەبێت و هەمووانیش بەیەک چاو سەیر دەکرێن و یەکسانن.
 
ئەنچێلۆتی بە نەیماری گوتووە پێکهاتەی سەرەکیی خۆمم بۆ یارییەکانی مۆندیال یەکلاکردووەتەوە، ئەو پێکهاتەیەش تۆی تێدا نیت.
 
کارلیتۆ هەروەها بە نەیماری گوتووە بیر لەوەش مەکەرەوە کە کاپتنی تیپەکە بیت، چونکە تۆ کاپتن نیت، ئەگەرچی هاوڕێکانت زۆریان خۆشدەوێیت و رێزت لێدەگرن، بەڵام تۆ کاپتن نابیت، وێڕای ئەوەی ئەزموونی زۆرت هەیە، چونکە من کاپتنی هەڵبژاردەکەم دەستنیشانکردووە.
 
نەیمار ناچاربووە بە مەرجەکانی راهێنەری بەرازیل رازی بێت، بەتایبەت کە رۆڵێکی لاوەکی لە یارییەکان و لە ژووری جلگۆڕیندا دراوەتێ، چونکە وەک رۆژنامەکە دەڵێ، "رازیبوون بەمەرجەکان، تاکە رێگەی دانانی ناوی نەیمار بوو لە لیستی هەڵبژاردەکەدا بۆ مۆندیال".
 
جیا لە مەرجەکانی ئەنچێلۆتی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلیش هەندێک مەرجی بەسەر یاریزانەکەی سانتۆسدا سەپاندووە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، فیدراسیۆنی تۆپی پێ داوای لێکردووە لە دەرەوەی یاریگا ئاگاداری هەڵسوکەوتەکانی بێت.
 
'گڵۆبۆ' زیاتر دەڵێ، فیدراسیۆنەکە، کۆمەڵێک مەرج و رێوشوێنی بەسەر نەیماردا سەپاندووە، بەڵام ئاشکرانەکراون چین.
 
سەرجەم مەرجەکان وەک رۆژنامەکە گوتوویەتی، پەیوەندی بەهەڵسوکەوتی یاریزانەکە لە دەرەوەی یاریگا و دەرکەوتن لە شوێنە گشتییەکان و مامەڵە لەگەڵ رووداوەکانی پەیوەست بەپاڵەوانێتییەکە هەیە.
 
کاپتنەکەی سانتۆس پابەندبوونی خۆی بەهەموو مەرجەکان دووپاتکردووەتەوە، رایگەیاندووە لەپێناو بەشداریکردن لە مۆندیال، هەموو ئەو داواکارییانە جێبەجێ دەکات، کە لێی دەکرێن.