هەولێر یاریی لووتکە دەکات و باسم قاسم دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و شێرزوود تێمیرۆڤ بۆ یارییکردن ئامادەیە و باسم قاسم، دەنگۆی رۆیشتنی لە هەولێر رەتدەکاتەوە.
ئەمشەو کاژێر 20:00 لە یاریی لووتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێری سێیەمی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی شورتەی خاوەنی پلەی دووەم دەبێتەوە.
پێش ئەم یارییە شێرزوود تێمیرۆڤ گەڕایەوە و پەیوەندیی بە یانەی هەولێرەوە کردەوە، گۆڵکارە ئۆزباکستانییەکەی خولی عێراق لە دوایین مەشقەکاندا دەرکەوت و بۆ یارییەکە بە تەواوی ئامادەیە.
هەولێر بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە کە لە یاریی رابردوودا لە یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی نەورۆز تووشی بوو.
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر دەڵێت "یارییەکی زۆر گرنگ و زەحمەتە، پێموایە هەردوو یانە مافی خۆیانە رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەند بکەن، بەڵام ئێمە پاڵنەری زۆرباشمان هەیە بەهۆی ئەو ئاست و ئەنجامانەی لەم وەرزەدا بەدەستمانهێناون".
راهێنەری یانەی هەولێر دەڵێت "دۆڕاندنمان بەرامبەر نەورۆز چاوەڕواننەکراو بوو، دەمانەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکەین و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین پلەی سێیەم مسۆگەر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەلی ئەوەمان هەبێت بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەدا بکەین".
باسم قاسم بە رۆژنامەڤانانی گوت "شورتە یانەیەکی گەورەیە و لەنێو هاندەرانی یاریی دەکات، ئێمە و ئەوانیش بەدوای ئەنجامێکی ئەرێنیدا دەگەڕێین، کارگێڕیی یانەی هەولێریش ئەوەی دەوێت، بەبردنەوەی یارییەکە 100٪ دەتوانین پلەی سێیەم مسۆگەر بکەین".
لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر، باسم قاسم گوتی "تاوەکو ئێستا قسەمان لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە، نامانەوێت ئەو بابەتە کاریگەری لەسەر تیپەکە دروستبکات، هەمیشە گوتوومە پێشینە بۆ یانەی هەولێر، یانەیەکی بەغدا کە جەماوەری نییە و دوو یانە کوردستان داوایانکردووم، بەڵام پێشینەم بۆ یانەی هەولێر، دوای یاریی بەرامبەر شورتە وردەکاریی زیاتر دەبێت".