لە مۆندیالدا مەترسییەک هەڕەشە لە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەو رێکارە تەندروستییە تووندانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا گرتوویەتییە بەر، بەڵام رێگە بەهاتنی شاندی هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات دەدات کە لە مۆندیالی 2026 لە هەمان گرووپی پۆرتوگالدایە بەشداری بکات.
 
واشنتۆن رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو کە رێکارە تەندروستییەکانی سەر سنوورەکانی تووندتر کردووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا، لەڕێگەی رێگریکردن لە هاتنی ئەو بیانیانەی لە 21 رۆژی رابردوودا سەردانی ئۆگەندا، کۆنگۆی دیموکرات یان سوودانی باشووریان کردووە.
 
بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی، وەک ئەوەی تۆڕی RMCـی فەڕەنسی ئاماژەی پێکردووە، جەختی کردەوە کە هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات دەتوانێت لە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا بەشدار بێت، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە وڵاتەکەیدا.
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی "پێشبینی دەکەین هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات بتوانێت لە مۆندیالدا بەشداری بکات".
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە روونی کردەوە کە هەڵبژاردەی کۆنگۆ ئێستا لە ئەورووپا مەشق دەکات، بۆیە لەوانەیە ئەو مەرجانەی قەدەخەکردنیان لەسەر جێبەجێ نەبێت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت ئەگەر ئەندامێکی هەڵبژاردەکە لە ماوەی 21 رۆژ پێش چوونی بۆ ئەمریکا سەردانی وڵاتەکەی خۆی کردبێت، بەدەرکردنێکی تایبەتی بۆ دەکرێت و رێگەی پێ دەدرێت بچێتە ناو وڵات، بەڵام دەبێت ملکەچی رێکاری تەندروستی تووند بێت، کە هەمان 'پرۆتۆکۆڵی پشکنین و کەرەنتینە' دەگرێتەوە کە لەسەر ئەو ئەمریکییانە جێبەجێ دەکرێت کە لە کۆنگۆوە دەگەڕێنەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا جەختی کردەوە کە ئەم بەدەرکردنە هاندەرانی کۆنگۆ ناگرێتەوە.
 
بڕیارە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی کۆنگۆ لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تەکساس بێت، چونکە تیپەکە لە گرووپی 11 دایە کە هەڵبژاردەکانی پۆرتوگال، کۆڵۆمبیا و ئۆزبەکستان لەخۆ دەگرێت.
 
هەڵبژاردەی کۆنگۆ لە 17ـی حوزەیران لە هیوستن رووبەڕووی پۆرتوگال دەبێتەوە، دواتر لە 24ـی حوزەیران لە گوادالاخارای مەکسیک بەرامبەر کۆڵۆمبیا یاری دەکات و لە کۆتاییشدا لە 28ـی حوزەیران لە ئەتلانتا رووبەڕووی ئۆزبەکستان دەبێتەوە.
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی بابەتی چوونە ناو مەکسیکی نەکرد بۆ هەڵبژاردەکە.
 
هەڵبژاردەی پڵنگەکانی ئەفریقا دوای بردنەوەی لە جامایکا بەئەنجامی 1-0 لە پاشکۆی کیشوەرەکان ل31ـی ئادار گەیشتە مۆندیال، بەمەش دووەم سەرکەوتنی مێژوویی وڵاتەکەی بۆ مۆندیال تۆمارکرد، دوای بەشداریی وڵآتەکە بەناوی زاییر لە وەشانی 1974دا.