نەورۆز و زاخۆ لە دێربییەکی کوردستاندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، کاتێک لە دێربییەکی کوردستانیدا بەرامبەر یانەی زاخۆ یاریی دەکات.
ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 17:30 لە درێژەی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز لەنێو یاریگا و هاندەرانی میوانداریی یانەی زاخۆ دەکات و دەیەوێت درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات.
نەورۆز لە گەڕی رابردوودا لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی هەولێر بەدەستهێنا و چاوی لەوەیە سوود لە هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک ببێتەوە.
نەورۆز ئێستا لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە و دوو خاڵ لە یانەی زاخۆوە دوورە، بەبردنەوەی یارییەکە دەتوانێت پێش ئەو یانەیە بکەوێت.
یانەی زاخۆ لە دۆخێکی باشدا نییە، یانەکە لە سێ یاریی رابردوودا تامی سەرکەوتنی نەکردووە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدوای دڵخۆشکردنی هاندەرانیدا دەگەڕێت.
زاخۆ رۆژێک پێش ئەنجامدانی یاریی بەرامبەر نەورۆز، جارێکی دیکە عەبدولغەنی شەهدی وەکو راهێنەری یانەکە راگەیاند و ئەمڕۆ سەرپەرشتی یەکەم یاریی ئەو یانەیە دەکات دوای گەڕانەوە بۆ مەشقدانەوەی تیپەکە.
یانەی نەورۆز نووسیوویەتی "کوڕانی کاپتن وەلی بە ورەیەکی پۆڵاینەوە دوایین ئامادەکارییان ئەنجامدا و چاوەڕێی پاڵپشتییە گەورەکەی هاندەرانین".