محەممەد کایا بۆ رووداو: باسی گرفتەکانی ئامەدسپۆرم بۆ ئەردۆغان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، دوای ئەوەی رۆژی 18-05-2026 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە خەڵاتی شکۆی خزمەتی بۆ ساڵی 2026 پێدرا، گفتوگۆیەکی سەرپێییان کرد کە تێیدا باسی یانەی ئامەدسپۆریشیان کردووە.
 
لەدوای ئەو رێوڕەسمی خەڵاتە، محەممەد کایا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا باسی گرفتەکانی ئامەدسپۆریان کردووە.
 
محەممەد کایا کە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەدە، هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئامەدسپۆرە. 
 
ئامەدسپۆر ئەم ساڵ بووە پاڵەوان و لە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیاوە گەیشتە خولی یانە پلە نایابەکان (سوپەرلیگ).
 
ئێستا ئامادەکاریی جیدی لەلایەن کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی ئامەدەوە بۆ ئامادەکردنی ئامەدسپۆر دەکرێ بۆ خولی سوپەرلیک کە یەکێک لەوانە محەممەد کایایە.
 
بڕیارە رۆژی 01-06-2026 کۆنگرەی گەورەی ئامەدسپۆر بەڕێوەبچێ. لەمبارەیەوە محەممەد کایا بە رووداوی گوت، گۆڕانکاریی جیدی لە سەرۆکایەتی و ستافی یانەکەدا دەکەن و بە باشی خۆیان بۆ رکابەرییەکانی سوپەرلیگ ئامادە دەکەن.
 
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد لە راگەیێندراوێکدا بەبیریهێناوەتەوە کە لە ساڵی 2018ـەوە بە شێوەیەکی کارا پشتیوانیی لە ئامەدسپۆر دەکات و لەسەر ئەو هەڵوێستە بەردەوام دەبێت.
 
ئامەدسپۆر لە دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیادا رۆژی 02-05-2026 بووە میوانی یانەی ئیدرسپۆر.
 
یارییەکە 3-3 کۆتایی هات و ئامەدسپۆر بەو یەکسانبوونە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 لە 38 یاریدا. ئەو یانەیە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە خولی پلە یەکەوە چووە خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا.