هەرزوو جەنگی نێوان مۆرینیۆ و بارسێلۆنا دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
وادیارە جۆزێ مۆرینیۆ بەنیازە هەر زوو جەنگەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا دەستپێبکات، چونکە یەکەم بەگژیەکداچوونەوەی راستەوخۆ لەنێوان خۆی و بارسێلۆنا روویدا.
هەموو میدیاکان باس لەوە دەکەن کە جۆزێ مۆرینیۆ بووەتە راهێنەری ریال مەدرید و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە، ئەو راهێنەرەش لەپشت پەردەوە دەستی بەکارکردن لەگەڵ ریال مەدرید کردووە.
لە کاتێکدا گفتوگۆکانی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی ئەلیساندرۆ باستۆنیی بەرگریکاری ئیتاڵی لە یانەی ئینتەرمیلانەوە پەکیکەوتووە بەهۆی نەتوانینی یانەکە لە دابینکردنی 50 ملیۆن یۆرۆی داواکراو بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە، ریال مەدرید وەک رکابەرێکی بەهێز بۆ رفاندنی ئەو یاریزانە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا دەرکەوتووە.
مۆرینیۆ بایەخێکی زۆر بە باستۆنی دەدات
میگێل سێرانۆی رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئۆکدیاریۆی ئیسپانی، لەڕێگەی چەناڵەکەی لە یوتیوب ئاشکرای کرد کە جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری چاوەڕوانکراوی ریال مەدرید، بایەخێکی زۆر بە باستۆنی دەدات و پێیوایە ئەم بەرگریکارە ئیتاڵییە کوالێتییەکی بەرز بە هێڵی بەرگریی تیپەکە دەبەخشێت کە لە دوو وەرزی رابردوودا بەدەست کێشەی زۆرەوە ناڵاندوویەتی.
باستۆنی تەمەن 26 ساڵ بە بەرگرییەکی پتەو و پاسە وردەکانی لە دواوە ناسراوە، ئەمەش وای لێدەکات بەتەواوی لەگەڵ فەلسەفەی یاریی یانە شاهانەکەدا بگونجێت، هەروەها هەماهەنگییەکی نموونەیی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ رودیگێر و هاوسن لە دڵی بەرگریدا دروست دەکات.
دووبارە بنیادنانەوەی پتەویی هێڵی بەرگری
مۆرینیۆ هەوڵ دەدات ریال مەدریدێکی بەهێز لەڕووی بەرگرییەوە بنیاد بنێتەوە دوای دوو وەرزی نائومێدکەر، کە تێیدا ئاستی بەرگریی تیپەکە بەڕوونی پاشەکشەی کردبوو. ئەمەش بەبڕوای راهێنەرە پۆرتوگالییەکە تەنیا پێویستی بە گۆڕانکاری تاکتیکی نییە، بەڵکو گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەکەدا پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تیپەکە و گەڕاندنەوەی ئەزموون و پتەوییە ونبووەکە.
نوێکردنەوە بۆ رودیگێر
لەم چوارچێوەیەدا، مۆرینیۆ داوای نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەنتۆنیۆ رودیگێری کردووە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی لەگەڵ تیپەکە، لەکاتێکدا چارەنووسی راول ئاسێنسیۆ بەنادیاری ماوەتەوە؛ یانە شاهانەکە لە ئاستی ئێستای رازی نییە، یاریزانەکە خۆشی ناڕازییە لە رۆڵی خۆی و ئەو دەنگۆیانەی لەسەر داهاتووی دەگووترێن.