وێڵزییەکان خەون بە لوتکەی کۆمەڵەکەیانەوە دەبینن
وێڵزییەکان لە دوا یاری خۆیان لە قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆ، خەون بە چوونە پێشەنگ و لوتکەی کۆمەڵەکەیانەوە دەبینن، بەڵام بۆی هەیە لە کۆتاییدا خۆیان لە ژێری ژێرەوەدا ببیننەوە.
هەزاران هاندەری وێڵزی کە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی دەرکەوتنن لە پشت هەڵبژاردەکەیانەوە لە پاڵەوانیەتییەکی گەورەدا، خەونی بەبەردەوامبوون بەو دۆخەوە دەبینن کە پەیوەستە بە پەڕینەوەی هەڵبژاردەکەیان بۆ قۆناخی داهاتوو.
وێلز دوای بردنەوە لە سلۆڤاکیا و دۆڕان بەرامبەر ئینگلتەرا، پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و دەکرێ بچێتە پێشەنگ یان دابەزێت بۆ ژێرەوە، ئەوەش پەیوەندی بە ئەنجامی خۆی بەرامبەر رووسیا و ئەنجامی ئینگلتەرا بەرامبەر سلۆڤاکیا هەیە.
ئەگەر وێلز لە رووسیا بباتەوە و سلۆڤاکیاش هەمان شت بەرامبەر ئینگلتەرا ئەنجامبدات، ئەوکات گاریس بەیڵ و هاوڕێکانی وەک پێشەنگی کۆمەڵەکەیان دەچنە قۆناخی داهاتوو. بەڵام دۆڕان بەرامبەر رووسیا و بردنەوەی سلۆڤاکیا، وێڵزییەکان دەباتە دەرەوەی یۆرۆ.
رووسیا کە لە مێژووی خۆیدا چوار جار بەرامبەر وێلز یاریکردووە، هەرگیز نەدۆراوە، ئەمجارەش یاریزانەکانی لیۆنید سلۆتێسکی راهێنەر دەیانەوێ هەمان کار دووبارە بکەنەوە.
وێڵزییەکان بەئەنجام و ئاستێکی باش لە یۆرۆدا دەرکەوتن و یەکەم بردنەوە لە سلۆڤاکیا وایکرد ئەوان ببنە جێگەی سەرنجی هەمووان، کاتێکیش لە دووەم یاریدا دۆڕان، بەرامبەر ئینگلتەرا بوو کە بەهێزێکی پاڵەوانیەتییەکەیە.
رووسیا کە هێشتا تەواو بێئومێد نییە و یارییەکەی بەرامبەر وێڵز مان و نەمانە بۆی، دەبێ بەوردی بیر لە رێگرتن لە لێدانە راستەوخۆکانی گاریس بەیڵ بکاتەوە کە دوو گۆڵی لە لێدانی راستەوخۆوە تۆمارکردووە.
هەرچەندە راهێنەری وێڵز بەڵێنی پەڕینەوەی هەڵبژاردەکەی داوە لە دەرگای هەڵبژاردەی رووسیاوە، بەڵام رووسەکانیش وەک میدیای وڵاتەکەیان دەڵیت، توانای مانەوە لە یۆرۆ و بەردەوامبوون لە رکابەرییان هەیە، چونکە لەو کۆمەڵەیەدا دەرگا بەڕووی هەمواندا واڵایە.