میران خەسرۆ گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێکردەوە

20-07-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن میران خەسرۆ یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر 

میران خەسرۆ، ئەستێرەی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕیی میدیایی رووداو راگەیاند، گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێکردەوە بۆ یارییکردن لە وەرزی نوێی خولی عێراق. 

میران خەسرۆ، لەدایکبووی 1989ی هەولێرە، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە، لە تیپەکانی تازەپێگەیشتووان، لاوان و خولی کوردستانی یانەی هەولێر یاریی کردووە، دواتر سەرکەوتووە بۆ ریزی تیپی یەکەمی یانەکە.

ئەم یاریزانە لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی گوتی "یانەی هەولێر واتا شوێنی لەدایکبوونی تواناکانم، هەربۆیە خۆشەویستییەکی زۆرم بۆی هەیە و هاندەرانیش پاڵپشتییەکی گەورەم دەکەن، من گرێبەستم لەگەڵ یانەکە نوێکردەوە بۆ ئەوەی لە خولی عێراقدا یاری لە ریزەکانیدا بکەم".

میران خەسرۆ، لەگەڵ یانەی هەولێردا بەشداری کردووە لە گێڕانی ئاهەنگی بەدەستهێنانی خولی عێراق لە 2012 دا، هەروەها بەشداری کردووە لە جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیا.

خەسرۆ روونیکردەوە "هەموو هەوڵێکم پێشاندانی ئاستێکی بەرزە، ئێمە ئەمساڵ پێکهاتەکەمان لاوە، یانەی هەولێر هەمیشە ناوێکی گەورە و ژمارەیەکی قورسە  لە عێراق".

میران خەسرۆ، وەرزێک یاری بۆ یانەی شورتە کردووە، هەروەها وەک یاریزانی پیشەگەریش لە ریزی یانەی سۆحاری عومانی یاریکردووە، هەروەها یەکێکە لە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی کوردستان، وەرزێکیش لە ریزی یانەی پێشمەرگەی هەولێر یاری کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە