یانەیەکی ئەڵمانی بەهۆی رۆناڵدۆ مەشقەکانی لە قوتابخانەیەکی ئامادەییدا ئەنجام دەدات
رووداو دیجیتاڵ
یانەیەکی گەورەی ئەڵمانی بەهۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە ناچارە راهێنانەکانی لە یاریگەی قوتابخانەیەکدا ئەنجام بدات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، یانەیەکی ناسراوی ئەڵمانی ناچارکرد کە بەرنامەی ئامادەکارییەکانی بگۆڕێت و شوێنی راهێنانەکانی بگوازێتەوە بۆ یاریگایەکی بچووک لەناو قوتابخانەیەکدا لە شاری سالفێڵدنی نەمسا.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئەڵمانیا، یانەی هانۆڤەر 96، کە وەرزی رابردوو پلەی نۆیەمی لە خولی پلەدووی ئەڵمانیا بەدەستهێنا، چەندین ساڵە راهاتووە کەمپی مەشق و راهێنانەکانی لە سالفێڵدن ئەنجام بدات، کە شارۆچکەیەکی نەمساییە و ژمارەی دانیشتووانی 16 هەزار کەسە و دەکەوێتە نزیک سالزبۆرگ.
بەڵام یانەکە ئەمساڵ بۆ ئامادەکاریی وەرزی نوێ، شوێنی راهێنانەکانی گۆڕی، دوای ئەوەی خۆی لە دۆخێکی نائاساییدا دۆزییەوە، هۆکارەکەشی چوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕی سعودییە بۆ ئەنجامدانی کەمپی ئامادەکاری لە شاری سالفێڵدن.
ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانییانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە یانەی هانۆڤەر 96، کە یەکێکە لە یانە ناسراوەکانی ئەڵمانیا و پێگەیەکی گەورەی لە تۆپی پێی ئەڵمانیادا هەیە، ناچار دەبێت دامەزراوەکانی یەکێک لە قوتابخانە ئامادەییە ناوخۆییەکان بەکاربهێنێت بۆ راهێنانکردن لەسەر یاریگایەکی بچووک.
هەمان سەرچاوەکان دەڵێن "یانەی نەسڕی سعودی بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە پاسەوانە تایبەتەکانیشی یاوەری دەکەن، دەگاتە شارە نەمساییەکە و کەمپەکەیان تاوەکو 4ـی ئابی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەمەش هانۆڤەر ناچاردەکات لەناو یاریگای قوتابخانەیەکی دواناوەندی شارەکەدا راهێنانەکانی ئەنجام بدات".
سەرچاوەکان زیاتر دەڵێن "یانەی نەسڕی سعودی هەمان شوێنی بۆ کەمپی راهێنانەکانی پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ هەڵبژاردووە، کە تاوەکو رۆژی چواری ئابی داهاتوو بەردەوام دەبێت و سێ یاریی دۆستانە ئەنجام دەدات".
کریستیان تیتز، راهێنەری یانەی هانۆڤەر، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی ئەڵمانیا، لەسەر گۆڕانکارییە ناچارییەکەی شوێنی راهێنانی یانەکەی، گوتی "هیچ کێشەیەک نییە، بارودۆخەکە زۆر باشە و گۆڕەپانی یاریگاکەش لە دۆخێکی باشدایە. ئێمە روومان لە یاریگا سادەکەی قوتابخانە ئامادەییەکە کردووە بۆ راهێنان، دەبێت لەگەڵ دۆخەکەدا خۆمان بگونجێنین کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە رۆناڵدۆوە هەبێت".
یانەی نەسڕی سعودی کەمپی ئامادەکاریی داخراوی خۆی لە نەمسا ئەنجام دەدات، وەک ئامادەکارییەک بۆ جامی سوپەر، کە تێیدا رکابەرییەکە بە رووبەڕووبوونەوەی یانەی ئیتیحاد لە قۆناخی پێش کۆتاییدا دەست پێدەکات.