ئیسپانیا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی مۆندیال
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی جامی جیهانی خانمانی بردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەدەستهێنا.
یاریی کۆتایی مۆندیالی خانمان، کە ئەمساڵ رکابەرییەکانی بە هاوبەشی لە ئوسترالیا و نیوزیلەندا بەڕێوەچوون، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا لە یاریگەی ئوسترالیا لە شاری سیدنی ئەنجامدرا و ئیسپانیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
لە خولەکی 29 ئۆلگا کارمۆنا، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ لارۆخا تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بەو گۆڵە لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا ئینگلتەرا زۆر هەوڵیدا ئەنجامەکە راستبکاتەوە، بەڵام پێچەوانەی هەوڵەکانی ئەوان لێدانێکی سزا بۆ ئیسپانیا هەژمارکرد و هەلی ئەوە بۆ هەڵبژاردەکە رەخسا گۆڵی دووەم تۆماربکات، بەڵام جێنفەر هێرموسۆ، یاریزانی ئیسپانی و یانەی بارسێلۆنا سەرکەوتوو نەبوو لە جێبەجێکردنی لێدانە سزایەکەدا و ئەنجامی یارییەکە وەک خۆی مایەوە.
ئیسپانیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی جامی جیهانی خانمانی بردەوە.
ئۆلگا کارمۆنا کە تاکە گۆڵی ئیسپانیای لە یارییەکەدا تۆمارکرد، لە تەمەنی 23 ساڵی و 69 رۆژیدا بووە دووەم بچووکترین یاریزان لە هەردوو قۆناخی پێشکۆتایی و یاریی کۆتایی مۆندیالدا گۆڵ بکات، کە پێشتر ئالێکس مۆرگان لە تەمەنی 22 ساڵی و 15 رۆژی ئەو ریکۆردەی تۆمارکردووە.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی مۆندیالی خانمان، هیناتا میازاوا، یاریزانی هەڵبژاردەی ژاپۆن بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە.