کێشەی ناوتۆمارکردنی یاریزانانی بارسێلۆنا گەورەترە لەوەی باس دەکرێت

20-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا تۆمارکردنی یاریزان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بارسێلۆنا پلانێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی تۆمارکردنی یاریزانان دادەنێت و دەیەوێت تاوەکو زووە خۆی لەو کێشەیە رزگاربکات بۆ ئەوەی وەرزێکی ئارام دەستپێبکات.
 
بارسێلۆنا رووبەڕووی هاوینێکی نوێی پڕ لە کێشە دەبێتەوە بەهۆی کۆتوبەندەکانی لالیگای ئیسپانیاوە، کە پرۆسەی تۆمارکردنی یاریزانانی قورس کردووە.
 
بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، یانە کەتەلۆنییەکە کۆتایی هەفتەی رابردوو سەرکەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی یەکەم ئاستەنگی یاساکانی 'یاریی دارایی خاوێن'، دوای تۆمارکردنی هەریەک لە خوان گارسیا و مارکۆس راشفۆرد، کە بەکردەوە لە یاریی کردنەوەی خولی وەرزی 2025-2026 بەرامبەر ریال مایۆرکا بەشدارییان کرد.
 
بارسێلۆنا هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە بۆ تۆمارکردنی یاریزانەکانی دیکە، کە بریتین لە جیرارد مارتن، ڤۆیچێک چێزنی و روونی بارداخچی، تەنیا سێ رۆژ پێش یارییەکەیان بەرامبەر لیڤانتی.
 
تۆمارکردنی مارک بێرنالی 18 ساڵ، کارێکی لەپێشینەی بەپەلە نییە بەهۆی پێکانە درێژخایەنەکەیەوە، چونکە پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا بگەڕێتەوە و دەتوانرێت بەبێ کێشە لەگەڵ تیپی دووەمدا تۆمار بکرێت.
 
هانز فلیکی راهێنەر پێش گەشتەکەی مایۆرکا بەئاشکرا ناڕەزایی خۆی لە خاویی رێکارەکانی تۆمارکردن دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە متمانەی هەیە یانەکە بەخێرایی چارەسەرەکان دەدۆزێتەوە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەرگریکار جیرارد مارتنی تەمەن 23 ساڵ، لە لیستی تیپی یەکەمدا دادەنرێت نەک تیپی دووەم و چاوەڕوان دەکرێت لە یارییەکەی شەممەی داهاتوو بەرامبەر لیڤانتی ئامادە بێت، چونکە تۆمارکردنی پەیوەستە بە رۆیشتنی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەئەزموون ئۆریۆل رۆمیۆی تەمەن 33 ساڵ، کە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نزیک بووەتەوە.
 
بەڵام تۆمارکردنی گۆڵپارێزی پۆڵەندی چێزنیی تەمەن 35 ساڵ، کە گرێبەستێکی بۆ دوو وەرزی دیکە واژۆکردووە، لەوانەیە  تاوەکو گەڕی سێیەم بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ دوابخرێت.
 
لەلایەکی دیکەوە بارسێلۆنا لالیگای ئاگادار کردووەتەوە لە نیازی خۆی بۆ تۆمارکردنی باڵی هێرشبەری لاوی سوێدی، روونی بارداخچیی تەمەن 18 ساڵ راستەوخۆ لەگەڵ تیپی یەکەمدا، بۆ ئەوەی دووربن لە هەر گومانێکی تۆمارکردنی نایاسایی.
 
هەریەک لە چێزنی و بارداخچی یەکسەر دوای یەکلابوونەوەی رۆیشتنی گۆڵپارێز ئینیاکی پێنیای تەمەن 26 ساڵ تۆماردەکرێن، کە بەرەو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و دواتر ناردنی بەخواستن دەڕوات، هەروەها بەرگریکاری لاو هێکتۆر فۆرتی تەمەن 19 ساڵ، کە یان بەخواستن یان بە فرۆشتن دەڕوات، لەکاتێکدا یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی گرنگی پێدەدات.
 
چارەسەرە داراییەکان بۆ خۆڕزگارکردن لە سزاکانی یاریی دارایی خاوێن لەڕێگەی خێراکردنی رۆیشتنی هەندێک ناو لە لیستی ئێستا دەبێت، لەگەڵ یەکلاکردنەوەی درێژکردنەوەی گرێبەستی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست فرێنکی دی یۆنگ، کە ئەمەش مەودایەکی زیاتر دەدات بە یانەکە بۆ تۆمارکردن، هەروەک چۆن لەم دواییەدا لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستی بەرگریکار ژول کوندێ و تۆمارکردنی مارکۆس راشفۆرد روویدا.
 
هەروەها لەوانەیە بارسێلۆنا پاڵپشتییەکی زیاتری پێبگات بەهۆی رۆیشتنی ئەگەریی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی لاو جیلێ فێرناندێزی تەمەن 17 ساڵ، کە لەلایەن بۆرووسیا دۆرتموندەوە داواکراوە، و باڵی هێرشبەر دانی رۆدریگێزی تەمەن 20 ساڵ، کە لەژێر چاودێری ڤالێنسیادایە.
 
سەڕەڕای ئەوەش، کاریگەرترین چارەسەر بریتییە لە ئەنجامدانی گرێبەستێکی فرۆشتنی گەورە و یاریزانی هێڵی ناوەڕاست مارک کاسادۆی تەمەن 21 ساڵ، ئامانجی چەندین یانەی گەورەیە، بەڵام بارسێلۆنا و یاریزانەکە پێیان باشە خۆیان لەم بژاردە ناخۆشە بپارێزن مەگەر ناچاری بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە