یانەی هەولێر دەیەوێت سێ خاڵی دیکە لە بەسرەوە بێنێتەوە
رووداو هەولێر
لە گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لەنێو یاریگەی فەیحا لە بەسرە، یانەی هەولێر بەئامانجی دووەم بردنەوە یاری لەگەڵ یانەی مینا دەکات.
وەرزی ئەمساڵ ئامادەکارییەکانی هەولێر بۆ وەرزی نوێ باش نەبوون، بەڵام ئەزموون و باڵا دەستی باسم قاسمی راهێنەری تیپەکە لە یەکەم یاریدا دەرکەوت و درێس زەردەکان توانیان بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی نەجەف ببەنەوە.
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "راستە وەک پێویست ئامادەکاری و کەمپی راهێنانمان نەکردبوو، بەڵام یاریزانەکان گوێڕایەڵن و رۆحیەتی ململانێکردن و تێکۆشانیان بۆ ناوی گەورەی یانەی هەولێر هەیە، هەنگاو بە هەنگاو بارودۆخی تیپەکە باش دەبێت و هەموو کات هەولێر شایستەی ئەنجامی باشە، بۆ یاریی میناش شەڕی سێ خاڵ دەکەین".
لە دوو رۆژی رابردوو یانەی هەولێر دوو گرێبەستی گەورەی راگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراق تیپەکە گرێبەستی لەگەڵ کێڤن سیاس، یاریزانی ئەرجەنتینی کرد، کە دەبێتە دووەم یاریزانی ئەرجەنتین لە مێژوودا لە خولی عێراق یاری بکات، دوای ماکسی رۆلۆن، کە ساڵی 2020 پەویەندی بەیانەی دیوانییە کرد، کە پێشتر لە تیپی لاوانی بارسێلۆنا یاری کردبوو. هەروەها یانەی هەولێر بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری گرێبەستی لەگەڵ پاڤلێ رادۆنۆڤیچی یاریزانی سڕبی کرد.
هەولێر دوایین ئامادەکارییەکانی لە پایتەختی کوردستان ئەنجامدا، شەوی رابردوو لە رێگای فڕۆکە گەشتی بەسرەی کرد و تیپەکە ئێستا لە یەکێک لە هۆتێلەکانی ئەو شارەیە.
کێڤن سیاس، یاریزانی ئەرجەنتینی لەگەڵ هەولێر گەشتی بەسرەی کردووە و چاوڕواندەکرێت لە یارییەکەی ئەمڕۆ یاریبکات، بەر لە لێدوانێکی بۆ رووداو روونیکردەوە "دەزانم کە هەولێر ویستی هەیە، یانەیەکە دەیەوێت نازناوەکان بباتەوە و ئەوان دەیانەوێت وەرزێکی زۆر باشیان هەبێت، من لێرەم بۆ ئەوەی لەو کارەدا هاوکاریی هەمووان بکەم، من لێرەم بۆ ئەوەی لەسەداسەد هاوکاریی تیپەکەم و راهێنەرەکەم بکەم و شانازم بەوەی لێرەم، لە هەولێر".
یانەی مینا وەرزی ئەمساڵ بە سەرکردایەتی لوئەی سەڵاح، راهێنەری لاو دەیەوێت قەرەبووی ئەنجامە خراپەکانی وەرزی رابردووی بکاتەوە، تیپەکە یاری یەکەم بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی نەفتی میسانی بردەوە، لەم یارییەشدا شین پۆشانی بەسرە نایانەوێت بەئاسانی خاڵەکان ببەخشنەوە، یانەکە بۆ راکێشانی زۆرترین هاندەر بۆ یارییەکە هاتنە ژوورەوەی هاندەرانی بۆ نێو یاریگە کردووەتە خۆڕایی.
لای خۆیەوە لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی مینا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە ئاشکرایکرد "یانەی هەولێر تیپێکی ئاسان نییە و چەند یاریزانێکمان بە هۆکاری جیاواز ناتوانن یاری بکەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئامادەین و تووشی شۆک بووین بە پێکانی یاریزانی پیشەگەری تونسی تیپەکەمان زیائەدین جوینی کە تاوەکو کۆتای وەرز ناتوانێت یاریبکات".
یانەی هەولێر لە کاتی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی مینا شاشەیەکی گەورە لە شەقامی ئیسکان دادەنێت و کەرنەڤاڵێکی گەورە بۆ هاندەرانیان سازدەکات.