نەورۆز و هەولێر بۆ دووەم بردنەوەیان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاریی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەورۆز بۆ بردنەوەی دووەم لەسەریەک و درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی چووەتە میسان و بەرامبەر یانەی نەفت میسان یاری دەکات.

لە دووەم دەرکەوتنیدا لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی نەورۆز میوانداریی یانەی نەفتی میسان دەکات، بەڵام یارییەکە لە یاریگەی خۆیدا نابێت و لە میسان بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئەوەی یاریگەکەی ئامادەنییە بۆ ئەوەی یاریی تێدا بکرێت.
 
لە یاریی رابردوودا یانە کوردستانییەکەی سلێمانی سەرکەوتنێکی گرنگی لە یەکەم یارییدا بەرامبەر یانەی کارەبا بەدەستهێنا و دەیەوێت ئەمڕۆ بەبردنەوەیەکی دیکە هاندەرانی دڵخۆشتر بکات.
 
نەفت میسان یاریی رابردووی دۆڕاندووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ بکات.
 
بەر لە یارییەکە یانەی نەورۆز پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "كوڕه‌كانمان به‌وپه‌ڕی په‌رۆشییه‌وه‌ دواین یه‌كه‌ی مه‌شق و راهێنانیان ئه‌نجامدا و له‌سه‌ر یاریگەی نه‌فتی میسان بۆ سێ خاڵی یارییه‌كه‌ ده‌جه‌نگین.
 
بە ئامانجی بەدەستهێنانی دووەم سەرکەوتن و درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی، یانەی هەولێر یەکەم یاریی خۆی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەکات و دەبێتە میوانی یانەی مینا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولەکەدا ئەمشەو هەولێر لە بەسرە دەبێتە میوانی یانەی مینا و دەیەوێت سێ خاڵی دیکە بباتەوە و دووەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات.
 
هەولێر لە دوای بردنەوەی یاریی یەکەمی بەرامبەر نەجەف، بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە نێو رکابەرییەکانی خولەکە و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
 
بەر لەم یارییە یانەی هەولێر گواستنەوەی دوو هێرشبەری دیکەی بۆ ریزەکانی راگەیاند، کیڤن سێیاسی ئەرجەنتینی و پاڤلێ رادونۆڤیچی سێربی، ئەرجەنتییەکەیە دوو یەکەی مەشقی لەگەڵ یانەکە کردووە و ئامادەیە، بەڵام یاریزانە سێربییەکە ئامادەنییە.
 
یانەی مینا لە یاریی رابردوودا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنی بەرامبەر نەفت میسان بەدەستهێناوە و دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.