ئامەدسپۆر دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا نزیک ببێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی خولەکەدا، کاژێر 16:00 یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی سەرک بەلەدیەسپۆر یاری دەکات و یارییەکە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت.
ئەمە یەکەم یاریی یانەی ئامەدسپۆرە دوای ئەوەی کۆنگرەی یانەکە ئەنجامدرا و ناهیت ئەرەن، بە سەرۆکی نوێی یانەکە دەستنیشانکرا، بۆیە تیپەکە دەیەوێت بەبردنەوە پێشوازی لە کارگێڕیی نوێی یانەکەی بکات و بەبردنەوەوە بگەڕێتەوە.
ئامەدسپۆر تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیادا، 5 بردنەوە، یەکسانبوونێک و سێ دۆڕانی هەیە و لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە بە شازدە خاڵ، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ تیپەکە بۆ پلەی چوارەمی ریزبەند سەردەکەوێت.
یانەی سەرک بەلەدییەسپۆر سێ بردنەوە، چوار یەکسانبوون و دوو دۆڕانی هەیە و بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.