سەرۆک بارزانی دەنگی بەهاندەرانی زاخۆ دا

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک مەسعود بارزانی دەنگی بەهاندەرانی زاخۆدا بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان و بارەگای بارزانی دەڵێ داوا لە هەموو کورد و کوردستانییەک دەکرێت پێکەوە بەشداری لە دەنگدانەکەدا بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2025، بارەگای بارزانی رایگەیاند: "سەرۆک مەسعود بارزانی و تەواوی ستافی بارەگای بارزانی لە رێگەی ئۆنڵاین دەنگیان بە هاندەرانی یانەی زاخۆ دا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری وەرزشی لەسەر ئاستی جیهان."
 
دەشڵێت: "لەم رێگەیەشەوە، داوا لە هەموو کورد و کوردستانیەک دەکرێت لە هەر شوێنێکی جیهان بن، پێکەوە بەشداری بکەن لەم دەنگدانە کە لە ماڵپەری یەکێتی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) دانراوە، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی تۆپی پێی ئاسیا و عێراقدا یانەی وەرزشی زاخۆ وەکو یەکەم یانە بەربژێرکراوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەر لە جیهاندا بۆ ساڵی 2025."
 
یانەی وەرزشیی زاخۆ، کە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)وە وەک یەکێک لە سێ بەربژێری کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتی "باشترین هاندەری ساڵ" (FIFA Fan Award) دەستنیشان کراوە، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەستپێکردووە و بڕیارە تیمەکانیان سەردانی شارەکانی دیکەی عێراق بکەن.سەرۆکی یانەکەش داوای بەشدارییەکی فراوانتری هاووڵاتییان دەکات. 
 
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی باشترین هاندەری جیهان تاوەکو رۆژی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و کەمتر لە 10 رۆژ لەبەردەم هاندەران و خەڵکی کوردستاندا ماوە بۆ دەنگدان و سەرخستنی یانەی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە مێژووییە.
 
فیفا لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، هۆکاری پاڵاوتنی هاندەرانی زاخۆی بەم شێوەیە روونکردووەتەوە: "هاندەرانی یانەی زاخۆ پشتیوانیی خۆیان بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە دەربڕی، بە فڕێدانی بووکەڵە بۆ ناو یاریگە، ئەمەش پێش دەستپێکردنی یاریی خولی عێراق بوو بەرامبەر یانەی حدوود."