گانەرز دەیەوێت پارێزگاری لە پلەی یەکەم بکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئینگلتەرا بەهێزتر بکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئێڤێرتۆن یاریی دەکات.
 
یارییەکانی گەڕی 17ـی پرێمەرلیگ دەستپێدەکەن، کاژێر 20:30 گانەرز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی ئێڤێرتۆن و پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەهێزتربکات و پلەی یەکەم نەکەوێتە مەترسییەوە.
 
ئارسیناڵ دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا دوو بردنەوەی دوو بردنەوەی لەسەریەکی لە چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگدا تۆمارکرد، بەڵام بەرامبەر ولڤەرهامپتۆن رووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر بووەوە تاوەکو یارییەکەی بردەوە، بۆیە ئەمشەو لەندەنییەکان نایانەوێت بکەونە هەمان دۆخەوە.
 
گابریێل ماگالایس، کریستیان موسکێرا، کای هاڤێرتز، ماکس دۆمان و بێن وایت پێکانیان هەیە و میکێل ئارتێتا ناتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت.
 
ئێڤێرتۆن لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە و یاریی رابردووی بەرامبەر چێڵسی دۆڕاندووە، بەرامبەر یانە گەورەکانی ئینگلتەرا تەنیا لە مانچێستەر یونایتدی بردووەتەوە، بەرامبەر لیڤەرپوول، مان سیتی و چێڵسی دۆڕاوە و دەیەوێت بۆ بردنەوەی لە ئارسیناڵ سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت.