هەواڵێکی زۆر ناخۆش گەیشتە بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا بۆ یارییە گرنگەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال گورزێکی کوشندەی بەرکەوت و لە تواناکانی گرنگترینی یاریزانی بێبەش دەبێت. بارساش دەڵێت "پێدری پێکانی نییە، تەنیا هانزی فلیکی راهێنەر دەیەوێت پارێزگاری لە ئەستێرەکەی بکات و نایەوێت سەرکێشی پێوە بکات".
میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکرد کە پێدری بەهۆی پێکانەوە لە پلانەکانی هانز فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا بۆ یارییەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال لە خولی ئیسپانیا دوورکەوتەوە، کە بڕیارە سبەی یەکشەممە لە چوارچێوە گەڕی 18ـی لالیگا لەسەر یاریگەی لا سیرامیکا ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، پێدری کێشەی لە ماسوولکەکانی رانی و هەروەها ماسوولکەی قاچیدا هەیە، ئەمەش وای لە دەستەی هونەری کردووە بڕیار بدەن سەرکێشی پێوە نەکەن لەم یارییە گرنگەدا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێدری لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەی بەرامبەر گوادالاخارا لە جامی شای ئیسپانیا هەستی بە ماندوێتی کردووە، بۆیە باشتر وابوو گەشت لەگەڵ تیپەکە نەکات، بۆ ئەوەی گەرەنتی چاکبوونەوەی تەواوەتی بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت پێدری بۆ یاریی دێربیی کەتەلۆنیا بەرامبەر ئیسپانیۆل لە 3ـی کانوونی دووەمدا ئامادە بێت، ئەگەر هەر مەترسییەکیش هەبێت، گەڕانەوەی بۆ جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە دوادەخرێت، کە تێیدا بارسێلۆنا لە 7ـی کانوونی دووەم لە قۆناخی پێش کۆتایی رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە.
هەرچەندە یارییەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال گرنگییەکی زۆری بۆ تیپە کەتەلۆنییەکە هەیە، چونکە سەرکەوتن تێیدا نازناوی 'پاڵەوانی زستان'ـی پێدەبەخشێت، بەڵام سیاسەتی هانز فلیکی راهێنەر جەخت لەسەر دوورکەوتنەوە لە هەر سەرکێشییەک دەکاتەوە کە پەیوەندی بە پێکانەوە هەبێت، بەتایبەتی بۆ پێدری کە بە توخمێکی سەرەکی و بنەڕەتی لە پلانەکانی راهێنەرە ئەڵمانییەکەدا دادەنرێت.
بارسێلۆنا بەکۆکردنەوەی 43 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئیسپانیادایە و ریال مەدرید بە 39 خاڵ لە پلەی دووەمدایە. ڤیاریالیش 35 خاڵی هەیە و سێیەمە، بەڵام دوو یاری کەمتر لە بارسێلۆنا و ریال مەدرید کردووە.