لەپشت دەرگا داخراوەکانی بێرنابیۆوە چی لەبارەی چارەنووسی ئەلۆنسۆوە دەگوترێت؟
رووداو دیجیتاڵ
سەرکەوتنەکەی ریال مەدرید بەرامبەر تالاڤێرای پلە سێ، لە جامی شا، جارێکی دیکە تەنگژە قووڵەکەی ریال مەدریدی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ دووپاتکردەوە.
تیپەکەی ئەلۆنسۆ، لە رووگیرییەکی گەورە رزگاری بوو لە کاتی زیادکراودا، بەهۆی تۆپ گێڕانەوەیەکی ناوازەی ئاندرێ لونینی گۆڵپارێز، پاشئەوەی تیپەکە پێویستی بە لێدانێکی سزا و گۆڵ لەخۆکردن لەلایەن تیپی بەرامبەر و لێدانێکی هەڕەمەکیی کیلیان ئێمباپێ هەبوو، بۆ ئەوەی سێ بە دوو گۆڵ یارییەکە بباتەوە.
بەرگری و خۆگرییە تووندەکەی تالاڤێرا لە دوایین خولەکەکانی یارییەکە کە بەدوای یەکسانبووندا دەگەڕا، جۆرێک لە شپرزەیی بە یاریزانە یەدەگەکانی ریال مەدرید دابوو.
کاتێک ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا، ئەلۆنسۆ بۆ چەند چرکەیەک لەسەر کورسییەکەی خۆی نەجوڵا، دڵخۆش دەرکەوت و لەبەرخۆیەوە گوتی، "ئەوەچی بوو ئەو شێتخانەیە؟".
ئەو گرتەیەی راهێنەرە ئیسپانییەکە، دووپاتکەرەوەی راستییەکە، پۆستەکەی پارێزراو نییە.
بەپێی ئەوەی 'ئەتلەتیک' بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لەم کاتەدا هێشتنەوەی ئەلۆنسۆ بەباشتر دەزانێت، بەڵام هیچ ئەگەرێکی هەڵەکردنی لێ قبووڵ ناکرێت.
ماریۆ کۆرتیگانا و گیریمۆ رای، کە دوو پەیامنێری رۆژنامە ئەمریکییەکەن، بەپشتبەستن بەو زانیاریی و پەیوەندییە فراوانەی لە نێو یانەکەدا هەیانە، خوێندنەوە بۆ دۆخی ئەلۆنسۆ لەگەڵ تیپەکە دەکەن.
کۆرتیگانا دەڵێ، "لە ریال مەدرید پرەنسیپەکە روونە، یەکەمجار سەرکەوتن، بەڵام ئەلۆنسۆ ئێستا سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت".
لەماوەی تەنیا یەک مانگدا، تیپەکە لە پێشکەوتن بەجیاوازیی پێنج خاڵ بەسەر بارسا، دۆخی گۆڕا بۆ دواکەوتن بەجیاوازیی چوار خاڵ لەگەڵ هەمان تیپ. خۆ ئەگەر ڤیاڕیال دوو یارییە دواخراوەکەی بباتەوە، ریال دەبێتە سێیەمی ریزبەندییەکە. لە چامپیۆنزلیگیش دوو شکست بەرامبەر لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی، دڵنیایی بەخش نین بۆ کەس.
ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێ، "جیا لە ئەنجامەکان، دڵەڕاوکەی راستەقینە لەنێو یانەکەدا لە لاوازیی توانای کۆنترۆڵ و کوالیتیی ئاستی تیپەکە هەیە کە لە دوای بردنەوەی کلاسیکۆوە سەریهەڵداوە".
"یاریزانەکان بیرۆکە تاکتیکییەکانی ئەلۆنسۆ بەپێی پێویست ئەزم ناکەن، ئەگەرچی یانەکە دەزانن بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی ئەلۆنسۆ نییە لەوەدا، بەڵام راستییە باوەکە لە مەدرید یەک شتە، راهێنەر دەبێ باجدەری سەرەکیی هەڵەکان بێت"، کۆرتیگانا وای وتووە.
هەرچی گیریمۆ رایە دەڵێ، "دوای شەش مانگ لە پۆستەکەیدا، ئاستی تیپەکە باشنەبووە. بەپێچەوانەوە لە پاشەکشەدایە. جیا لە ئێمباپێ، پێناچی ئەم سیستمەی ئێستا توانای دەرهێنانی ئاستی باشی لە هیچ یاریزانێکی دیکە هەبێت. ڤاڵڤێردی، بێلینگهام و ڤینیسیۆس لە پاشەکشەدان".
بەڵام وەکئەو دەڵێ، "یەکلاکەرەوە ئەنجامەکانە. ئەلۆنسۆ بەهێزەوە وەرزەکەی دەستپێکرد، لە 13 یاریدا 12 بردنەوەی هەبوو، بەڵام پاش شکست بەرامبەر سیتی، لە هەشت یاریدا، تەنیا دوو بردنەوەی هەبووە و ئەوەش وایکردووە ئەو لە تەنگژەی راستەقینەدا بژی".
گیریمۆ پێیوایە، "لە مەدرید بنەمایەکی دێرین هەیە، ئەنجام بەر لە هەر شت. ئەگەر تیپەکە ئەمشەو بدۆڕێت، پێموایە ئەلۆنسۆ و یاریدەدەرەکانی دووردەخرێنەوە، تەنانەت ئەگەر بردنەوە لە ئالاڤێس کەمێک گوشاریشی لەسەر لابردبن. چونکە دوای ئەوە تیپەکە لە جامی سوپەردا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یارییدەکات و ئەگەر لەوێ براوەبێت، دەچێتە رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا و ئەو دوو تاقیکردنەوەیەش، شکستیان تێدا قبووڵکراو نییە".
کۆرتیگانا پێیوایە، "دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ تەنیا لەسەر کات راوەستاوە، ئەمە جێگەی داخە، ئەگەرچی من پێموایە ئەو گونجاوترین جێگرەوە بوو بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی، بەڵام لە مەدرید دینامیکیەت لە نیاز گرنگترە و هەستناکەم تیپەکە بە ئاراستەی دروستدا دەڕوات".
ئەوەی زۆر پشتی ئەلۆنسۆ دەگرێت لەنێو بێرنابیۆ، خۆسێ ئانخێل سانچێزی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکەیە. ئەگەرچی دوو بردنەوە قورسەکە بەرامبەر ئالاڤێس و تالاڤێرا بۆچوونە گشتییەکەیان نەگۆڕیوە لەوەی تیپەکە باش کارناکات.
کۆرتیگانا پێیوایە، "تەنانەت ئەگەر تیپەکە لە سێڤییا و بێتیسیش بباتەوە، هێشتا توانای بڕینی ئاتلێتیکۆ و بارسای نییە لە جامی سوپەردا".
لەم نێوەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا هیچ هەلێک ماوە بۆ رزگارکردنی دۆخەکە؟ ماریۆ کۆرتیگانا دەڵێ، "پێموانییە. ئەلۆنسۆ نزیکەی هەموو چارەسەر و رێگەکانی تاقیکردەوە، بەڵام نەگەیشتە چارەسەر. زۆرینەی سەرکەوتنەکان بەهۆی کۆرتوا و ئێمباپێوە بەدەست هاتوون".
باشترین ریال مەدریدی ئەلۆنسۆ لە مۆندیالی یانەکاندا بوو، بەڵام دواتر بەخێرایی وازی لە تایبەتمەندییەکانی هێنا. ئەوکات گوشاری بەرز، بونیادنانی یاریی لە پشتەوە و کۆنترۆڵی تۆپ لە ئارادابوون.
ئەو هەروەها دەڵێ، لە یارییەکەی ئۆڵۆمپیاکۆسەوە ئەلۆنسۆ دەستیکردووە بەدەستهەڵگرتن لە هەندێک لە پرەنسیپەکانی کارکردنی، بۆ نموونە کۆبوونەوەکانی شرۆڤەی تاکتیکی کەمکردووەتەوە کە پێشتر یاریزانان لێی بێزاربوون، هەروەها یەکەمجاریشە چوارینەی هێرشبەری کیلیان، رۆدریگۆ، بێلینگهام و ڤینی یاریی پێدەکات، کاتێک لە یارییەکەی ئالاڤێسدا تاقیی کردنەوە.
گیریمۆ رای دەڵێ، "هەندێک دەنگ لە نێو یانەکەدا داوای بەردەوامبوونی ئەلۆنسۆ دەکەن، بەڵام ئەوە پێویستی بەزنجیرەیەک بردنەوەی لەسەریەک هەیە، لە کاتێکدا کات یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوە".
رای دەڵێ، "لە شکستەکەی مانچێستەر سیتیدا لە چامپیۆنزلیگ، هاندەران پێشانیاندا ئەلۆنسۆ خەتابار نییە بەتەنیا، ڤینی فیکەی ناڕەزایەتی بۆ لێدرا. چونکە هاندەران دەیانەوێت شتێکی دیکە ببینن، وزە، کەسایەتی و هەستکردن بەزیندووێتی تیپەکە. بێئومێدییەکانی سەردەمی ئەنچێلۆتی، ئێستاش درێژەیان هەیە".
کۆرتیگانا دەڵێ، ناکۆکییەکانی نێو ژووری جلگۆڕین هێشتا بەسەر دۆخەکەدا زاڵە. تووڕەیی هەیە و ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەستی پێدەکرێت.
لەبارەی جێگرەوەی ئەلۆنسۆوە، رای پێیوایە، زینەدین زیدان تاکە بژاردەی دڵنیایی بەخشە، بەڵام کەسانی چواردەوری دەڵێن ئەو دەیەوێت لە دوای مۆندیالی داهاتوو مەشقدانی فەرەنسا وەربگرێت.
بەبڕوای ئەو رۆژنامەڤانە، زیزۆ کێشەیەکی دیکەشی هەیە، ئەو ویستی مەشقدانی تیپێکی نییە کە ناوەڕاستکارێکی ریتم رێکخەری نەبێت، کاتێک لە 2021 رۆیشت، هەمان گلەیی هەبوو.
کۆرتیگانا دەڵێ، "لەنێو یانەکەدا بۆچوونێک هەیە کە هەر راهێنەرێک بێت، رووبەڕووی کێشەی بونیاد دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر هەر بڕیاربێت قوربانییەک هەبێت، ئەو قوربانییە راهێنەرە.