دوای کرانە دەرەوەیان لە جامی شا زیدان چی گوت؟
رووداو دیجیتاڵ
زینەدین زیدان، راهێنەری یانەی ریال مەدرید بەرپرسایەرەتیی دۆڕانیان لە جامی شادا و کرانە دەرەوەیان لەسەر دەستی تیپێکی پلە سێ خستە ئەستۆی خۆی.
زیدان لە دوای یارییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "من بەرپرسم لەوەی کە روویدا و بەرپرسایەرەتییەکە هەڵدەگرم، یاریزانەکان هەوڵیاندا هەموو تواناکانیان لە یاریگەدا پێشکێشبکەن، بەڵام دۆڕاین و ئەمەش بۆ ئێمە شتێکی قورسە".
راهێنەری ریال مەدرید زیاتر گوتی: " بارودۆخەکە زۆر زەحمەتە کاتێک بەرامبەر یانەیەکی پلە سێ یاریی دەکەیت، ئەوەی روویدا هیچ شەرم نییە و ئەگەری روودانی هەیە، ئێمە هەلی ئەوەمان هەبوو ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی خۆمان یەکلایی بکەینەوە، بەڵام گۆڵمان نەکرد و پاشان ئەوان ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە، ئێستاش لە پاڵەوانێتییەکە کراینە دەرەوە".
زیدان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی وازهێنانی لە کارەکەی دەڵێت: " من بەرپرسیارەتییەکە هەڵدەگرم، لەگەڵ ئەوەش ئارامم، یاریزانەکان دەیانەویست ببەینەوە، بەڵام هەندێک شتی جیاواز روویدا، بابزانین لە داهاتوودا چی دەبێت".
راهێنەرە فەرەنسییەکە پەیامێکی بۆ یاریزانەکانی نارد و گوتی: " هێشتا ئێمە لە چامپیۆنزلیگ و لالیگادا بەردەوامین، وەرزەکە کۆتایی نەهاتووە و رکابەرییەکە بەردەوامە، لەراستیدا هێشتا متمانەم بە تیپەکەم هەیە".
لە کۆتایی قسەکانیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەمە خراپترین دۆڕان بوو؟ زیدان گوتی: " هەموو دۆڕانەکان خراپن، نەک تەنیا ئەم دۆڕانە".
لە قۆناخی 32ـی جامی شای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە 1-2 بەرامبەر یانەی ئەلکۆیانۆی پلە سێ دۆڕا و لە پاڵەوانێتییەکە کرایە دەرەوە، لەکاتێکدا ئەلکۆیانۆ یارییەکەی بە 10 یاریزان تەواوکرد.
میدیای ئیسپانیا دوای ئەم دۆڕانە هێرشیانکردووەتەوە سەر یانەی ریال مەدرید و رۆژنامەی مارکا نووسیوویەتی، ئەمە خراپترین دۆڕانی ریال مەدریدە لەسەردەمی کارکردنی زیدان لەگەڵ یانەکە.
خۆسێ لویز سانچێز، رۆژنامەڤانی ئیسپانی نووسیوویەتی، زیدان لەگەڵ ریال مەدرید دەمێنێتەوە و لە یانەکە ناڕوات.
خۆسێ فێلیکس دیاز، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێت، ژووری جل گۆڕینی ریال مەدرید کێشەی هەیە و یاریزانێک لە رۆژی دووشەممە پێی گوتم، ماوەی چەند مانگێکە زیدان لەگەڵ چەند یاریزانێک قسەی نییە.