ئیسکۆ بووە بابەتی گاڵتەجاڕیی سۆشیال میدیا

رووداو دیجیتال

دوای شکستە کتوپڕەکەی ریال  مەدرید بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئەلکۆیانۆی پلە سێی ئیسپانیا، لە کۆپا دێل رێ و دەرچوون لەو پاڵەوانێتییە، یانەی شاهانە بە گشتی و ئیسکۆ بە تایبەتی بوونە جێگەی نوکتە و گاڵتەجاڕیی سۆشیال میدیا.

یانەی ریال مەدرید تووشی دۆڕانێکی سەرسوڕهێنەر بوو بەدەست یانەی ئەلکۆیانۆ، کە لە خولی پلە سێیەکانی ئیسپانیا یاریدەکات، بەو ئەنجامەش یانەی شاهانە لە جامی شای ئیسپانیا دەرکرا، کە بەر لە چەند رۆژێکیش لە جامی سوپەری ئیسپانیا دەرکرابوو.

ئێل موندۆ دیپۆرتیڤۆ تیشکی خستە سەر ئەو نوکتە و کۆمێنتە گاڵتەجاریانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دوای چوونە دەرەوەی ریال  مەدرید لە جام، ئاراستەی یاریزانانی یانەی شاهانە کران، کە ئیسکۆ گەورەترین پشکی ئەو گاڵتەجاڕییەی بەرکەوتووە.

زۆرترین تێبینی و کۆمێنتەکان لەبارەی دەرکەوتنی ئیسکۆ بوون بە قەڵەوی و بە جوڵەیەکی خاو، هەروەها خراپی ئەو ئاستەی لەو یارییەدا پێشکەشی کرد.

یەکێک نووسیبووی "تێبینی هەبوو لەلایەن شیکەرەوە وەرزشییەکانەوە کە دەیانگوت ئیسکۆ برسییە بۆ ئەوەی لە یارییەکاندا بدرەوشێتەوە، بەڵام وادیارە ئەو تەنیا برسییە و دەیەوێت خواردنی زیاتر بخوات"، ئەمە وەک گاڵتەکردنێک بوو بە کێشی زۆری ئەو یاریزانە.

یەکێکی دیکەش ناڕەزایی خۆی لەوە نیشانداوە کە لەو یارییەدا زیدان پشتی بە یاریزانێکی قەڵەوی وەک ئیسکۆ بەستووە، لە کاتێکدا یاریزانێکی وەک ئۆدیگاردی لەسەر کورسی یەدەگ داناوە.

یەکێکی دیکەش بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە لە کۆمێنتێکدا نووسیبووی "توانای جەستەیی و لەشڕێکیی گۆڵپارێزی ئەلکۆیانۆی تەمەن 67 ساڵ لە ئیسکۆ باشتربوو".