پێنجەم راهێنەری سەیدسادق لە وەرزی ئەمساڵدا دەستی لەکارکێشایەوە

 
رووداو دێجیتاڵ 
 
عیماد ناسیح، راهێنەری یانەی سەیدسادق بووە پێنجەم راهێنەری ئەو یانەیە لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستاندا، دەست لە مەشقدانی ئەو یانەیە بکێشێتەوە.
 
سەرۆکی یانەی سەیدسادق رایگەیاند، ئەمڕۆ عیماد ناسیح، راهێنەری یانەی سەیدسادق دوای تەنیا دوو یاری لەسەرپەرشتیکردنی یانەکە، دەستی لە مەشقدانی یانەکە کێشایەوە. ناسیح پێنجەم راهێنەرە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە دەست لە مەشقدانی یانەی سەیدسادق دەکێشێتەوە.
 
وێڕای گۆڕینی پێنج راهێنەر، یانەی سەیدسادق خراپترین یانەی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستانە و لە 14 یارییدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لە پلەی 15ـی ریزبەندی خولەکەیە. 
 
ناسیح رۆژی 11ی ئەم مانگە مەشقدانی یانەی سەیدسادقی وەرگرت، بەڵام دوای تەنیا دە رۆژ لە کارکردن لە یانەکە، دەستی لەکارەکەی هەڵگرت. سەرۆکی یانەی سەید سادق بەڕووی داوی گوت، ناسیح لەبەرئەوەی پابەندیی دیکەی هەبووە، نەیتوانی لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
 
سەید سادق، رکابەرییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستانی لەگەڵ موسعەب عەباس دەستپێکرد، بەڵام لە دوای حەوت یاریی لە خولەکە، ئەو راهێنەرە نەیتوانی هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت و پاش پێنج شکست و دوو یەکسانبوون، دەستی لەکارکێشایەوە.
 
ئەحمەد سەبری، لە دوای موسعەبەوە بووە راهێنەری سەیدسادق، بەڵام ئەویش وەک سەرۆکی یانەکە روونیکردەوە، لە دوای تەنیا یەک یاری لە خولەکە بەرامبەر چوارقوڕنە کە 2 - 2 گۆڵ کۆتاییهات، دەستی لەکارکێشایەوە.
 
رۆژی 20ی دوانزەی ساڵی رابردوو، یانەی سەیدسادق دەستنیشانکردنی ئەمین عەباسی بەڕاهێنەری نوێی یانەکە راگەیاند، بەڵام سیناریۆی دەستلەکارکێشانەوە ئەمجارە خێراتر دووبارە بووەوە و ئەمین دوای تەنیا یەک رۆژ لە وەرگرتنی پۆستەکەی، وازی لە راهێنەرایەتی یانەی سەیدسادق هێنا و رایگەیاند، "کارگێڕیی یانەکە راستگۆ نەبوون لەگەڵی".
 
یانەی سەیدسادق وەڵامی قسەکانی ئەمین عەباسی دایەوە و ئاشکرایکرد، سەرپەرشتیار و ستافی هونەریی یانەکە، ئەو راهێنەرەیان لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە.  
 
رۆژی 23ی مانگی دوانزە، سەیوان فاتیح بەڕاهێنەری نوێی سەیدسادق دەستنیشانکرا، کە پێشتر راهێنەری یانەی رانیە بووبوو.
 
فاتیح لە دوای دەستبەکاربوونی لە مەشقدانی یانەکە لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی، "هەوڵدەدەین سەیدسادق بگەڕێنینەوە ئاستی جارانی و سەرۆکی یانەکە بەڵێنی پێداوین، چەندین گرێبەستی نوێ بۆ تیپەکە بکەن".
 
مانەوەی سەیوان فاتیح لە سەیدسادق تەنیا بۆ چوار یاریی بوو، ئەویش زوو دەستی لە مەشقدانی یانەکە هەڵگرت.
 
تەیب رەشید، سەرۆکی یانەی سەیدساق لەسەر کێشەکانی یانەکە بە رووداوی راگەیاند "راهێنەرەکان خۆیان یانەکە بەجێدەهێڵن و چەند یارییەک سەرپەرشتی یانەکە دەکەن، دوایی لە یانەکە نامێنن".
 
ئەو سەرۆک یانەیە دەڵێ، "کێشەی سەرەکیی یانەکەمان پەیوەندی بەدۆخی داراییەوە هەیە".
 
بەقسەی سەرۆکی یانەی سەیدسادق، ئەمشەو کەسێکی دیکە بۆ مەشقدانی یانەکە دەستنیشاندەکرێت.
 
یانەی سەیدسادق، سەرەڕای ئەنجامە خراپەکانی بەڵام لەم گواستنەوەی زستانە تاوەکو ئێستا شەش یاریزانی نوێی هێناوەتە ریزەکانییەوە بەئومێدی ئەوەی یەکەم سەرکەوتنی وەرزەکە تۆماربکەن.