ئەستێرەیەکی ریال مەدرید خۆشیی 6 گۆڵەکەی تێکدا!
رووداو دیجیتاڵ
راول ئەسێنسیۆ، بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید تووشی پێکان بوو، و ئەلڤارۆ ئەربێلوای خستە ناو گێژاوێکی گەورەوە!. شەش گۆڵ و سێ خاڵی گرنگ، بەڵام خەو لە چاوەکانی راهێنەر زڕا. کێشەکانی بەرگریی مەدرید کۆتاییان نایەت!
شەوێکی مێژوویی و پڕ لە گۆڵ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەڵام بۆ ئەلڤارۆ ئەربێلۆا هەموو شتێک بە دڵخۆشی کۆتایی نەهات. ریال مەدرید مۆناکۆی تێکشکاند، بەڵام باجێکی گرانبەهای دا.
لە کاتێکدا مەدریدییەکان خەریکی ئاهەنگگێڕان بوون بۆ سەرکەوتنە گەورەکەیان. کە بەئەنجامی 6-1 بەسەر مۆناکۆ سەرکەوت، هەواڵێکی ناخۆش لە ژووری پزیشکییەوە گەیشت و بە ئەربێلوا راگەیێنرا کە یاریزانێکی گرنگی لەدەستداوە.
راول ئەسێنسیۆ، ئەو بەرگریکارەی بووەتە توخمێکی گرنگی هێڵی بەرگری، بەهۆی ئازارێکی تووند لە ئێسکی قاچی راستیدا، نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و پێش دەستپێکردنی گێمی دووەم یاریگای جێهێشت.
ئەربێلوا لە قەیرانێکی راستەقینەدایە!
بڕوانن مەدرید چی بەسەرهات؛ ئەربێلوا ناچاربوو سیبایۆس بهێنێتە ناوەوە و ئۆریلین چوامینی لە ناوەڕاستەوە بباتەوە بۆ دڵی بەرگری. بیری لێ بکەرەوە، مەدرید لە گێمی دووەمدا تەنیا یەک بەرگریکاری راستەقینە لەناو یاریگەدا بوو کە ئەویش دین هاوسن بوو!
فێدی ڤاڵڤێردی وەک بەرگریکاری راست و کاماڤینگا وەک بەرگریکاری چەپ جەنگان، لەکاتێکدا کارڤاخال و ئالابا هێشتا بەتەواوی ئامادەنین و لەسەر کورسی یەدەگ بوون.
کارەساتەکە لێرەدا ناوەستێت!
رۆژی شەممە بەرامبەر ڤیاریال، ریال مەدرید رووبەڕووی کێشەیەکی گەورەتر دەبێتەوە. چوامینی بەهۆی سزای کارتەوە ناتوانێت یاری بکات. ئەگەر پێکانەکەی ئەسێنسیۆش قورس بێت، ئەربێلوا چی دەکات؟ کێ لە دڵی بەرگری یاری دەکات؟.