کارەساتەکانی مانچێستەر سیتی بەردەوامن و پێپ پێویستی بە فریادڕەسێکە



رووداو دیجیتاڵ

مانچێستەر سیتی دوای دۆڕانی لە دێربیی مانچێستەر، لە چامپیۆنزلیگیشدا بەرامبەر بۆدۆ گلیمت تووشی شۆکێکی گەورە بوو، تەنیا لە 58 چرکەدا رۆدری کارتی سووری وەرگرت و کێشەکانی بەرگریی تیپەکەی گواردیۆلاش گەیشتنە لووتکە، ئێستا هاندەران چاوەڕێی گەیشتنی مارک گویێ دەکەن بۆ ئەوەی تیپەکە لەو دۆخە رزگار بکات.
 
تێکشکانی سیتی لە نەرویج
 
مانچێستەر سیتی کە هیوای دەخواست برینەکانی دێربی ساڕێژ بکات، لە یەکەم وەرزی بەشداریی یانەی بۆدۆ گلیمت لە چامپیۆنزلیگ، بەئەنجامی 3-1 لە یانە شینپۆشەکەی بردەوە. تیپەکەی پێپ گواردیۆلا لە نیوەی یەکەمدا بەتەواوی پەرتەوازە بوون و بە دوو گۆڵی کاسپەر هۆگ نیوەی یەکەم کۆتاییهات. لە نیوەی دووەمدا یانس پێتەر هاوگە گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، هەرچەندە رەیان شەرقی گۆڵێکی بۆ سیتی هێنایەوە، بەڵام دەرکردنی رۆدری هەموو هیواکانی سیتی لەناوبرد.
 
مارک گویێ فریادڕەسی نوێ
 
دوایین دوو یاریی مانچێستەر سیتی راستییەکی تاڵیان بۆ گواردیۆلا دەرخست، ئەویش پێویستییەکی خێرایە بە مارک گویێ. ماکس ئالین، بەرگریکارە لاوەکە کە لە یانەی واتفۆرد گەڕاوەتەوە، لەم یارییەدا رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەوە و هەڵەکانی ئەو بوونە هۆی تۆمارکردنی گۆڵەکان. پێکانی روبێن دیاز و گڤاردیۆل بەیەکەوە، بەرگریی سیتی لە لێواری رووخان نزیک کردووەتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت گویێ و عەبدولقادر خۆسانۆڤ بەخێرایی هاوئاهەنگی دروست بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
 
کێشەی رۆدری چییە؟
 
یەکێک لە سەیرترین رووداوەکانی یارییەکە، دەرکردنی رۆدری بوو کە لە ماوەی تەنیا 58 چرکەدا دوو کارتی زەردی وەرگرت. رۆدری کە پێشتر وەک کلیلی سەرکەوتنەکانی سیتی دەبینرا، لەم وەرزەدا بەهۆی کاریگەرییەکانی پێکانە درێژخایەنەکەی پێشووی، ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئامارەکان دەریدەخەن سیتی بەبێ رۆدری 84.2%ـی یارییەکانی بردووەتەوە، بەڵام لە کاتی بەشداریی ئەو یاریزانەدا رێژەی سەرکەوتنەکان بۆ 50% دابەزیوە. گواردیۆلا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە رۆدری تاوەکو مانگی 6 یان 7ـی 2026 ناگەڕێتەوە سەر ئاستی جاران، بەڵام ئاستی ئێستای بووەتە هۆی ئەنجامە خراپەکان.
 
هێرشبەرەکان بێدەنگن
 
سەرەڕای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 هێرشبەرەکانی سیتی هاوکاری هالاندیان دەکرد، بەڵام لە دەستپێکی ساڵی 2026ـەوە ئاستیان زۆر دابەزیوە و هالاند لەسەر خاکی خۆی دوو هەلی ئاسانی لەدەستدا و ئاسەواری ماندوێتی پێوە دیاربوو. فیل فۆدنیش یەکێکی دیکە بوو لەو یاریزانانەی کە ئاستی وەک پێشتر نییە و تەنیا رەیان شەرقی دەدرەوشێتەوە. ئێستا سیتی لە دۆخێکی وەهادایە کە نە بەرگرییەکەی جێگیرە و نە هێرشبەرەکانیشی دەتوانن گۆڵ تۆمار بکەن، ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر وۆڵڤەرهامپتۆن لە 24ـی ئەم مانگە.