بێلینگهام پەیامێکی تووند بۆ ئەوانە دەنێرێت کە گومانیان لە رەوشتی هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
جود بێلینگهام بە ئاهەنگگێڕانێکی سەیر وەڵامی تۆمەتەکان دەداتەوە و پەیامێکی تووند دەنێرێت بۆ ئەوانەی گومانیان لە رەوشتی هەبوو!
لە شەوێکی پڕ لە شکۆ و گەورەییدا لەنێو قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریال مەدریدی ئیسپانی وانەیەکی فێربوونی دایە یانەی مۆناکۆی فەرەنسی و بەئەنجامێکی گەورە و مێژوویی 6-1 تێکی شکاند، ئەمەش لە چوارچێوەی گەڕی حەوتەمی قۆناخی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
بەو سەرکەوتنە گەورەیە یانە شاهانەکان هەنگاوێکی گەورەیان نا بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەک لە قۆناخی شازدە، وەک یەکێک لە هەشت باشترین تیپەکەی ریزبەندییەکە.
تۆڵەی بێڵینگهام لەناو چیمەنی سەوزدا
هەرچەندە ڤینیسیۆس جونیۆر بە ئاستە بەرزەکەی و بەشدارییکردنی لە 4 گۆڵدا بووە پیاوی یارییەکە، و کیلیان ئێمباپێش بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی چامپیۆنزلیگی قایمتر کرد (بە 11 گۆڵ)، بەڵام ئەوەی هەموو سەرنجەکانی بۆ لای خۆی راکێشا، جود بێلینگهامی ئینگلیزی بوو.
جود دوای ئەوەی گۆڵی شەشەمی یانەکەی تۆمارکرد، بەشێوەیەکی زۆر سەیر ئاهەنگی گێڕا؛ ئاماژەی بەوە دەدا کە 'خەریکی مەی خواردنەوەیە!' ئەم جوڵەیە تەنیا گاڵتەجاڕی نەبوو، بەڵکو وەڵامێکی کەمەرشکێن بوو بۆ ئەو قسانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەری دەگوتران.
تۆمەتە قورسەکەی راول ئەلڤارێز
ئەم ئاهەنگگێڕانە دوای ئەوە هات کە راول ئەلڤارێز جینیس، ناسراو بە AuronPlay، بەناوبانگی ئیسپانی، لە چەناڵی یوتیوبەکەی هێرشێکی تووندی کردە سەر بێلینگهام و گوتی "هیچ یانەیەکی شەوانە لە ئیسپانیا نییە بێلینگهام سەردانی نەکردبێت، ئەو زۆر ئاڵوودەی کحول بووە و هاوڕێکانیشی هەستیان پێکردووە".
ئەو یوتیوبەرە زیاتر گوتی "بێلینگهام لە مەشقەکانیشدا بەهۆی زۆر خواردنەوەی کحولەوە، زۆر ئارەق دەکاتەوە و تەنیا خەریکی ئاهەنگگێڕان و کاتبەسەربردنە".
بەڵام ئەستێرە ئینگلیزییەکە بڕیاریدا بەشێوازی خۆی و لەنێو یاریگەدا وەڵامی ئەو بوختانانە بداتەوە؛ بە تۆمارکردنی گۆڵ و بەو ئاهەنگگێڕانە سەمەرەیە، سەلماندی کە وەڵامی ئەو تەنیا بە تۆپەکەی پێیەتی و هیچی دیکە.