ڤینیسیۆس باسی فیکەی ناڕەزایی هاندەران و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی لە زەحمەتیی ماوەی رابردووی ژیانی خۆی کرد، پاشئەوەی رووبەڕووی فیکەی ناڕەزایەتیی و هاواری هاندەران بووەوە، لە نێو یاریگەی یانەکەیدا.
ڤینیسیۆس لە دوو یاریی رابردووی ریال مەدرید لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، رووبەڕووی رەخنەی زۆر و فیکەی ناڕەزایەتیی هاندەرانی تیپەکە بووەوە، پاشئەوەی بەبەرپرسی یەکەم لە دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی یانەکە، لەلایەن هاندەرانەوە دانرا و لە یارییەکانی رابردوودا، ئاستی بەپێی پێویست نەبوو.
ڤینیسیۆس لە دوای سەرکەوتنی گەورەی تیپەکەی بەسەر مۆناکۆی فەرەنسی بە 6 - 1 گۆڵ، لە گەڕی حەوتەمی چامپیۆنزلیگ، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، "رۆژانی رابردوو بۆ من و هەمووان زەحمەت بوون، ئەوەش بەهۆی فیکەی ناڕەزاییی هاندەران و ئەوانەی قسەم لەبارەوە دەکەن. نامەوێت ببمە جێگەی سەرنجی هەمووان بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی یاریگە یان ناو یاریگە دەیکەم. من هەموو کات لەباشترین ئاستی خۆمدا نابم، بەڵام هەموو کات هەوڵدەدەم باشترین ئاستی خۆم پێشکەش بکەم".
ئەو هەروەها دەڵێ، "یارییکردن لەگەڵ ئێمباپێ و یاریزانانی دیکەی تیپەکە، کارێکی ئاسانە. دەبێ لەسەر هەمان ئاراستە بەردەوام بم. یاریکردن لە یاریگەی خۆماندا دەبێ بەپشتگیریی هاندەران بێت. ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە دۆخی سرووشتیی خۆمان، ئەگەر یەکگرتووبین، دەتوانین دەستکەوتی مەزنمان هەبێت".
ڤینی لە یارییەکەی مۆناکۆدا، گۆڵێکی کرد و چوار ئەسیستی هەبوو. ئەو لەبارەی گۆڵەکەوە دەڵێ، "گۆڵەکە؟ ساتێکی جوان بوو. من ئەسیستم بۆ هاوڕێکانم کردبوو، هەمووان دەیانگوت دەبێ گۆڵ بکەم. ئێمە یەک خێزانین و پێکەوە کاتی زۆر بەسەردەبەین، متمانەمان بەیەکدییە و بەپێشاندانی باشترین ئاستی خۆمان، دەتوانین نازناوی گەورە ببەینەوە".
ڤینی، هەڵوەستەی لەسەر ناڕەزایەتیی هاندەران کردووەتەوە و دەڵێ، "هەست بەدڵتەنگی دەکەم کاتێک گوێم لێدەبێت لە دژم فیکە لێدەدەن. نامەوێ لەماڵەکەی خۆمدا ئەوەم بەرامبەر بکرێت. چونکە من تێیدا زۆر دڵخۆشم. لە دوایین یارییەکاندا وا نەبووم. باش یارییم نەکرد و هەڵەم کرد، ئیدی ئەوان لە دژم فیکەیان لێدا. ئەوە مافی ئەوانە، ئەوان پارەیەکی زۆر دەدەن بۆ کڕینی بلیتێکی گرانی یارییەکان. من لەوە تێدەگەم، بەڵام لێرەم لەپێناو جەنگان بۆ یانەکەم".
ڤینیسیۆس کە لە ماوەی رابردوودا تۆمەتبارکرا بەوەی هۆکار بووە بۆ تێکدانی سەقامگیریی تیپەکە، لە ژێر دەستی چابی ئەلۆنسۆ و دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە لە کارەکەی، دەڵێ، "ناتوانم هیچ بکەم لەسەرئەو بابەتە، بەڵام دەتوانم باشترینی خۆم پێشکەش بکەم. من هەموو کات لە باشترین ئاستی خۆمدا نابم، بەڵام هەموو کات هەوڵدەدەم باشترین پێشان بدەم. کاتێک ئەوانیدیکە گۆڵ ناکەن، هەوڵدەدەم گۆڵیان بۆ دروست بکەم، کاتێک دەبێ بەرگری بکەم، هەوڵدەدەم بەرگری بکەم، بێگومان من باشترین بەرگریکەری تیپەکە نیم، لە من باشتر زۆرن".
لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیەوە، ڤینیسیۆس دەڵێ، "میدیاکان هەرچی دەڵێن ئازادن، هاندەران دەزانن کە دەبێ رەخنەم لێبگرن، بەڵام من پێموایە باشترین رێگە بۆ باشبوون، گەڕانەوەیە بۆ ماڵەکەم و پێشوازی لێکردنمە لەلایەن باشترین هاندەری جیهانەوە لە نێو بێرنابیۆ. من هەموو کات دەڵێم ئەم هاندەرانە ویستی زۆریان هەیە و دەبێ بەدرێژایی کات لە باشترین کاتی خۆمدا بم. ساڵی رابردوو بۆ من زۆر سەخت بوو، چونکە نەمتوانی بەو شێوەیە یاریی بکەم کە دەمویست، بەڵام گرنگ بەردەوام بوون و هەنگاونانە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم؟ زۆر باسی دەکرێت، بەڵام هێشتا ساڵێکم ماوە، ئێمە ئارامین، متمانەم بەسەرۆک هەیە و ئەویش متمانەی بەمن هەیە. پەیوەندییەکی باشمان هەیە و لە کاتی گونجاودا بابەتەکان چارەسەر دەکەین، پەلەمان نییە".
ڤینی لە دوایین دێڕدا دەڵێ، "دەمەوێت ماوەیەکی زۆر لێرە بمێنمەوە".
ڤینی دوای یارییەکەی دوێنێ شەو بەرامبەر مۆناکۆ، بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.