مارسیلیا و لیڤەرپوول یاریی لووتکەی چامپیۆنزلیگ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای کرانە دەرەوەیان لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەفریقا، محەممەد سەڵاح گەڕایەوە نێو مەشقەکانی لیڤەرپوول و دەیەوێت هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە، کاتێک بەرامبەر یانەی مارسیلیای فەرەنسی یاریی دەکەن.
لیڤەرپوول بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ فەرەنسا، دوایین مەشقەکانی لە سەنتەری مەشقەکانی ئەنجامدا و محەممەد سەڵاح بە دڵخۆشییەوە لەنێو راهێنانەکاندا دەرکەوت و بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە.
یانە ئینگلیزییەکە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، بە چوار بردنەوە و دوو دۆڕان خاوەنی 12 خاڵە و لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندە، تیپەکە رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشت دەکات بەشێوەی راستەوخۆ.
یانەی مارسیلیا لە شەش یارییدا 3 بردنەوە و سێ دۆڕانی هەیە و بە 9 خاڵ لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە، دەیەوێت رکابەری لەسەر مانەوە لە قۆناخی پلەی ئۆف بکات.
هەردوو یانە پێشتر 6 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، لیڤەرپوول دوایین سێ یاریی بردووەتەوە، لە دوو یارییدا دۆڕاوە و یارییەکیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
مارسیلیا دوایین دوو یاریی لە خولی فەرەنسا و جامی فەرەنسا بردووەتەوە و لەو دوو یارییەدا 14 گۆڵی تۆمارکردووە و لەم وەرزەی خولی فەرەنساشدا خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و 41 گۆڵی لە 18 گەڕدا تۆمارکردووە.