شۆک.. وڵاتانی ئەورووپا هەڕەشەی پاشەکشە لە مۆندیالی داهاتوو دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

مۆندیالی 2026ی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا رووبەڕووی هەڕەشەی گەورەی وڵاتە ئەورووپییەکان بووەتەوە، پاشئەو مشتومڕ و ناکۆکییە دیلۆماسییە تووندانەی باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپادا کێشا.
 
هاوینی ئەمساڵ، هەریەکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، میوانداریی مۆندیالی 2026 دەکەن، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆری هەڵبژاردەی گەورەی ئەورووپی، سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالەکە سەرکەوتوون، لە نێویاندا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، ئیسپانیا، بەلجیکا و پۆرتوگال و چەندین هەڵبژاردەی دیکە، سەرکەوتنیان بۆ پاڵەوانێتییەکە مسۆگەرکردووە.
 
لەماوەی رابردوودا، سووربوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر بەدەستهێنانی دوورگەی گرینلاند کە سەر بە دانیمارکە، کێشەی گەورەی لە نێوان وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکادا دروستکردووە.
 
ترەمپ سوورە لەسەر بەدەستهێنانی ئەو دوورگەیە و بەپێویستیی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی ناوی دەبات، میدیاکان و بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتە ئەورووپییەکان، داوای وەرگرتنی هەڵویستی تووند لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی ئەمریکا دەکەن، لەنێویدا پاشەکشە لە مۆندیالی داهاتوو.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییە ئەورووپییەکان دەڵێن، مۆندیالی داهاتوو، رووبەڕووی گەورەترین تەنگژە لە مێژوودا بووەتەوە، سیاسەتمەدارە ئەورووپییەکان بیر لە بایکۆتکردنی مۆندیالەکە دەکەن.
 
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری وەرزشی لە حکومەتی ئەڵمانیا، کریستیان شەندەرلاین دەڵێ، "حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا راستەوخۆ دەست ناخاتە نێو بڕیاری بەشداریکردن یان نەکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکە لە مۆندیال". ئەو دەڵێ، "ئەوە بڕیارێکە هەڵسەنگاندنەکەی لە ئەستۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا و فیفایە و ئەوان هەر بڕیارێک بدەن، ئێمە پێشوازیی لێدەکەین".
 
شەندەرلاین، کە سەر بە پارتەکەی فریدریچ مێرتسی راوێژکاری وڵاتە، دەڵێ بەرلین رێز لە سەربەخۆیی وەرزش دەگرێت. بەڵام فیدراسیۆنە نێوخۆییەکان ئازادن لەوەی هەڵوێستی تووند بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەربگرن.
 
جیا لە تەنگژەی گرینلاند لە نێوان ئەمریکا و ئەورووپا، بابەتی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی ئەورووپایدا دەکات، کە ئەمریکا بەهۆیەوە هەڕەشە لە ئەورووپا دەکات، خاڵێکی دیکەی ناکۆکیی قووڵی نێوان ئەورووپا و ئەمریکایە.
 
سیاسەتمەدارەکانی ئەڵمانیا، دەیانەوێت ئەورووپا پەرچەکرداری تووندی بەرامبەر هەنگاوە دەمارگرەکانی ئەمریکا هەبێت. رۆدریچ کیزڤیتەری ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەو وڵاتە دەڵێ، "ئەگەر ترەمپ هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات، قورسە هەڵبژاردەکانی ئەورووپا لە مۆندیالی داهاتوودا دەربکەون".
 
لە کاتێکدا یۆرگن هارت، پەرلەمانتاری هەمان پەرلەمان، داوای هەڵوێستی تووندتر دەکات و دەڵێ، "پێویستە پاڵەوانێتییەکە هەڵبوەشێنرێتەوە، تاوەکو سەرۆکی ئەمریکا بەهۆش خۆی بێتەوە".
 
میدیای ئەڵمانیا، گەرموگوڕانە سەرقاڵی زانینی هەڵویست و کۆکردنەوە و دەرخستنی بۆچوونە جیاوازەکانن لەبارەی پەرچەکردارە ئەورووپییەکان بەرامبەر دۆخەکە.
 
پەیمانگای 'ئینسا' راپرسییەکی ئەنجامداوە و تێیدا 47 لەسەدی بەشداران پشتگیریی بیرۆکەی بایکۆتکردنی مۆندیالەکە دەکەن ئەگەر واشنتن وەک ئەوەی دووپاتیدەکاتەوە، بەخۆشی و بەناخۆشی، گریندلاند بۆخۆی ببات. لە کاتێکدا 35 لەسەد دژی بەستنەوەی رووداوە وەرزشییەکەن بەرووداوە سیاسییەکەوە.
 
ئەورووپییەکان لەگەڵ هەنگاونانی زیاتر بەئاراستەی بایکۆتکردنی مۆندیال، رەخنەی تووند لە سەرۆکی فیفا، جیانی ئینفانتینۆ دەگرن بەوەی یەکەم خەڵاتی ئاشتیی ئەو رێکخراوەی بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەخشی، لە کاتێکدا خەریکی بردنی بەشێکی گەورەی خاکی وڵاتێکی ئەورووپییە.
 
میدیاکان پێشبینی دەکەن لە هەفتەکانی داهاتوودا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و فیفا، ناکۆکیی قووڵ لە پەیوەندیی نێوانیاندا رووبدات.