لە 24 کاژێری رابردوودا لە چوارقوڕنە چی روویدا؟

سیڤەر بێستوون

یانەی چوارقوڕنە، دوینێ یەکێک لە قورسترین ساتەکانی وەرزەکەی بەڕێکرد، یاریزانان بۆچی بەنیاز بوون واز لە یانەکە بهێنن؟ چۆن پەشیمان بوونەوە و کێ بوون ئەوانەی لە یانەکە رۆیشتن؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن کە هاندەرانی ئەو یانەیە خوازیارن وەڵامەکانیان دەستکەوێت. من وەک رۆژنامەڤانێک لەگەڵ چیرۆکەکەدا ژیام، بەدواداچوونم کرد و لێرەوە بۆتانی دەگێڕمەوە و دیمەنەکەتان دەخەمە بەرچاو.
 
بڕیاربوو دوێنێ کاژێر 15:00 یانەی چوارقوڕنە مەشقەکانی ئەنجام بدات، بەڵام پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن یەکێک لە یاریزانەکانی ئەو یانەیەوە بۆم هات و گوتی "کاکە ئێمە 9 یاریزان مافی دەستەبەرداربوونمان وەرگرت و یانەکە بەجێدەهێڵین و 46 رۆژە مووچەمان وەرنەگرتووە، بۆیە یانەکە بەجێدەهێڵین، کاتێکیش پرسیاری پارە دەکەین، پێمان دەڵین کاکە وەڵا پارەمان نییە و هەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین". 
 
منیش تەلەفۆنیکم بۆ خەسرۆ هەرکی یاریزانی نوێی یانەکە کرد، لێم پرسی، خەسرۆ ئەوە چ روویدایە، ئەویش گوتی" کاکە وەڵا پارە نییە، دەڕۆم". گوتم "خەسرۆ چوار رۆژە هاتووی چ زوو بڕیاریی رۆیشتنت دا؟". گوتی" کوڕە لەگەڵ یانەی سێمێل گرێبەستیشم واژۆکرد، زووی چی و حاڵی چی!!". 
 
هەوڵمدا لەگەڵ چەند کارگێڕییەک قسە بکەم، بەڵام وەڵامەکەیان نە ئەرێنی بوو نە نەرێنی، دەیانگوت هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین و لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە لە گفتوگۆداین و دەمانەویت چارەسەری بکەین. 
 
هاوڕێیەکم لەنێو یانەکە لە کاتی مەشقەکان نامەم بۆی نارد، گوتم ئەو یاریزانانە نەهاتوونەتە مەشقەکان، مەشق ئەنجام دەدرێت؟ پێیگوتم "ئێستا  چوار یاریزان لە یاریگەن، بەڵام ئێستا دەچنە کۆبوونەوە". دوای کەمێک نامەی بۆ ناردم پێیگوتم "کاکە مەشق دەستیپێکردووەتەوە لە کۆی 25 یاریزان تەنیا 13 یاریزان مەشق دەکەن و ئەوانی دیکە بایکۆتیان کردووە و ئەم کۆمەڵە یاریزانەش یاریزانی نێوخۆی چوارقوڕنەن". 
 
لە کاتی رووماڵکردن، نامەیەکم بۆ هات، نوسرابوو عەباس یابری گۆڵپارێز، کە یەکێکە لە باشترین گرێبەستەکانی ئەم وەرزەی یانەکە، پەیوەندی کردووە بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر! بەم هەواڵە تێگەییشتم کە دۆخەکە لەوە دژوارترە کە بیری لێ دەکەمەوە، ستۆری یاریزان سەنگەر محەممەدیشم بینی خواحافیزی لە یانەکە کردبوو، لێم پرسی ئەتو لۆ سەنگەر؟ گوتی "هاندەران لەلام زۆر تایبەتن، بەڵام منیش بەهۆی کێشە داراییەکانەوە یانەکە بەجێدەهێڵم و چوومەتە پیشەسازی". 
 
خۆر ئاوا بوو، هەواڵەکان لە چوارقوڕنە ئاڕاستەکەی گۆڕا، ئەوەندەم زانی سەرۆک یانە لە هەوڵی ئەوەدایە گۆڵپارێزە لەدەستچووەکەی بگەڕێنێتەوە یانەکە، بەلام یانەی پێشمەرگەی هەولێر رەتیکردووەتەوە عەباس بداتەوە یانەکە و پێی راگەیاندوون کە تازە ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کردووە و دەستبەرداری نابین، هەر بۆیە یانەی چوارقوڕنە بەپەلە گرێبەستی پێشکەشی گۆڵپارێزی پیشەگەری ئێرانی شاهۆ شەهرام کرد و بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، ئەمڕۆ گرێبەستەکە رادەگەیێنرێت.  
 
بووە کاژێر 11:00 شەو، دارەوان رەسوڵ، کاپتنی یانەکە پەیوەندیکرد و پێی راگەیاندم "دەبینین زۆربەی یاریزانەکان بەنیازن چوارقوڕنە بەجێبهێڵن و دەرگای گواستنەوەی یاریزانانیش خەریکە دادەخرێت، ئەگەر ئێمە بڕۆین، یانەکە تووشی بارودۆخێکی سەخت دەبێت و بۆیە شان دەدەینە بەر ئەم بارودۆخە". 
 
پەیوەندیم بە ماردینی مەلا وسو، یاریزانی یانەکە کرد، لێم پرسی تۆ هەڵوێستت چییە؟ گوتی "دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەین و یانەکەش بەڵێنی چارەسەکردنی کێشەکانی پێداوین، ئەوجا بەتەمای خوای". 
 
بێجگە لە عەباس و سەنگەر، هەریەک لە یاریزانان محەممەد حەمەدەمین و ئیسماعیل گەردی یانەکەیان بەجێهێشت، بەڵام پێنج یاریزانەکەی دیکە بڕیاری مانەوەیان دا و چوارقوڕنەیان بەجێنەهێشت.