ئەنچیلۆتی مژدەیەک دەداتە هاندەرانی ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئسپانی، مژدەیەک بە هاندەرانی یانەکەی دەدات و دووپات لەوە دەکاتەوە کە کەریم بنزیما بەرامبەر لیڤەرپوول بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات. دەشڵێت "ئەمساڵ چانسێکی گەورەترمان هەیە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی لیڤەرپوول لەسەر یاریگەی ئانفێڵد میوانداری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا دووپاتیکردەوە کە خۆی و یاریزانەکانی دڵخۆشن و ئامادەن بۆ رکابەرییەکە.
 
کارلیتۆ گوتی "ئێمە گەڕاینەوە و هەست بە دڵخۆشی دەکەین، پاڵنەرمان هەیە و دەمانەوێت ئاستێکی باش پێشکێش بکەین وەک ساڵی رابردوو، ئەوەمان لەبەرچاوە کە بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە کە لەم یارییەدا ئاستێکی چۆن پێشکێش دەکەین، بەڵکو لە یاریی گەڕانەوەشدا دەبێت ئاستێکی بەرز پێشکێش بکەین بۆ ئەوەی سەرکەوین، گرنگترین شت ئەو جۆش و خرۆشەیە کە هەمانە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەم پاڵەوانێتییە دەستپێبکەینەوە".
 
لەبارەی ئەگەری بردنەوە لە لیڤەرپوول لە ئانفێڵد بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر، وەک ئەوەی ریال مەدرید لە وەرزی 2014-2015 کردی؟ ئەنچیلۆتی گوتی "لە راستیدا یادگاری باشم لەگەڵ ئەو یارییەدا هەیە، بەڵام پێموایە لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا لیڤەرپوول زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەم تیپە گەشەی کردووە و پەرەی سەندووە، بەهێزترە و کوالێتی باشتر بووە، پێمخۆشە دووبارەبوونەوەی ئەو ئەنجامە وەک پاڵنەرێک ببینین، بەڵام لە راستیدا دووبارەکردنەوەی قورسە، ئەرکێکی قورس دەبێت ئەگەر مەحاڵ نەبێت".
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، وێڕای ئەوەی دووپاتیکردەوە کە کەریم بنزیمای کاپتنی یانەکەیان بۆ ئەم یارییە ئامادەیە و بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات، گوتیشی "پێموایە ئەمساڵ چانسێکی گەورەترمان هەیە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، تەنانەت کە رکابەرەکانیشمان وا دەیبینن، کە ئێمە بەهێزترین رکابەرین بۆ بردنەوەی نازناوەکە".