سەرۆکی بایرن میونشن: کۆمپەنی پارچە زێڕێکی بەبەهایە


رووداو دیجیتاڵ

هێربرت هاینزی سەرۆکی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی سەرسامیی گەورەی خۆی بە لێدوانەکانی ڤینسنت کۆمپەنی، راهێنەری یانەکەی دەربڕی، لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی و ئەوەی بەسەر ڤینیسیۆس جۆنیۆردا هات.
 
هاینز لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ، "پێشتر لە چەندین چاوپێکەوتن و بۆنەدا گوتوومە و ئێستاش دووپاتیدەکەمەوە کە، کۆمپەنی هەر تەنیا کەسێکی ناوازە نییە لە نێو یاریگەدا، بەڵکو لە دەرەوەش بەهەمان شێوەیە و زۆرمان پێشکەشدەکات".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "من پێشتر گوتوومە کە کۆمپەنی پارچەیەک زێڕی نایابە، کاتێک لێدوانەکانیم بینی، دەرکەوت چەندە زیرەک و بەڕێ و جێ و سووربوو لە قسەکانیدا، ئەو زۆر کەسی هەژاند، ئازایەتیی زۆری پێبەخشین".
 
پێشتر، ڤینسنت کۆمپەنی، راهێنەری یانەی بایرن میونشن، لەبارەی رووداوە رەگەزپەرستییەکەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یارییەکەی بێنفیکا، لە پلەی ئۆفی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، قسەی کرد و ماوەی 12 خولەک لەبارەی دۆخەکەوە دووا.
 
کۆمپەنی هەروەها رەخنەی لە جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری بێنفیکا گرت، بەهۆی لێدوانەکانی پاش یارییەکە.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەدا لەسەر یاریگەی دالوش، جیانلوکا پرێستیانی بەدرێسەکەی دەمی خۆی شاردەوە و قسەی بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر گوت، دواتر ڤینیسیۆس ئەوی بە رەگەزپەرستی بەرامبەری تۆمەتبارکرد و لای ناوبژیوانی یارییەکە سکاڵای کرد، کە بەهۆیەوە ناوبژیوان بۆ ماوەی دە خولەک یارییەکەی راگرت.
 
لە دوای یارییەکە، کیلیان ئێمباپێ دووپاتیکردەوە کە ڤینیسیۆس لەلایەن پرێستیانییەوە بە مەیموون ناوبراوە.
 
کۆمپەنی لە لێدوانەکانی لەبارەی رووداوەکە رەخنەی لە لێدوانەکانی جۆزێ مۆرینیۆ لە دوای یارییەکە گوت و گوتی، "جۆزێ هێرشی کردە سەر کەسایەتیی ڤینیسیۆس بەئاماژەدان بەشێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی. پێموایە ئەوە هەڵەیەکی کوشندەی سەرکردەیەک بوو. مۆرینیۆ باسی ئۆزیبیۆ دەکات تاوەکو پێمان بڵێت بێنفیکا رەگەزپەرست نابێت، چونکە باشترین یاریزانی مێژووی یانەکە رەشپێست بووە".
 
کۆمپەنی هەروەها گوتبووی، "من بڕیار لەسەر کەسایەتیی مۆرینیۆ نادەم، بەڵام ئەو هەڵەی کرد و هیوادارم لە داهاتوودا دووبارەی نەکاتەوە".
 
لە دوای رووداوەکە، کاردانەوەی جیاواز لە هەموو جیهانەوە سەریانهەڵدا، فیفا و یوفا دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە بۆ گەیشتن بەڕاستییەکان راگەیاند.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان پێشبینی دەکەن، ئەگەر بەکارهێنانی وشەی مەیموون و رەگەزپەرستی بەسەر پرێستیانیدا ساخ ببێتەوە، ئەو یاریزانە بەتووندی سزا بدرێت.