ئێمباپێ کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی فەرەنسای شێواندووە


رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بووەتە هۆکاری گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێو کەمپی هەڵبژاردەکە، کە خۆی بۆ پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 ئامادە دەکات.
 
هەڵبژاردەی فەرەنسا کە لە دوای لەدەستدانی نازناوی مۆندیالی قەتەرەوە بەهۆی دۆڕان بەرامبەر ئەرجەنتین لە یاریی کۆتاییدا بەلێدانی یەکلاکەرەوە، یەکەمجارە کۆدەبێتەوە، رووبەڕووی یاخیبوونی ئەستێرەیەکی بووەتەوە.
 
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەکە بڕیاریداوە کیلیان ئێمباپێ بکاتە کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ ماوەی داهاتوو، پاشئەوەی هۆگۆ لۆریس، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەکە بەیەکجاری وازی لە یاریی نێودەوڵەتی هێنا.
 
دیشام هەروەها بڕیاریداوە ئانتوان گریزمان جێگری کاپتن یان کاپتنی دووەمی هەڵبژاردەکە بێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، بڕیارەکەی دیشام لەلایەن ئانتوان گریزمانەوە بەتووندی رەتکراوەتەوە. ئەو یاریزانە پێیوایە ئەو شایستەی ئەوەیە ببێتە کاپتنی هەڵبژاردەکە نەک ئێمباپێ.
 
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، گریزمان نەک هەر لە بڕیارەکەی دیشام تووڕەیە، بەڵکو هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، واز لە یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەهێنێت.
 
گەرچی تاوەکو ئێستا، دیشام بەفەرمی بڕیاری دەستنیشانکردنی کاپتنی داهاتووی هەڵبژاردەکەی رانەگەیاندووە، بەڵام میدیای فەرەنسا دەڵێن ئەو راهێنەرە خۆی لە دەستنیشانکردنی ئێمباپێدا یەکلاکردووەتەوە و  24 کاژێر بەر لە یاریی هەڵبژاردەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بڕیارەکە رادەگەیێنێت.
 
ئێمباپێی 24 ساڵ، لە 2017ەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکات، 36 گۆڵی لە 66 یاریدا تۆمارکردووە.
 
ئانتوان گریزمان لە 2014ەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکات، 42 گۆڵی لە 117 یاریدا بۆ فەرەنسا تۆمارکردووە.